نەبیهـ بری: ئیسرائیل دەیەوێت سوپای لوبنان و حزبوڵڵا رووبەڕووی یەکدی بکاتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان هۆشداری دەدات لەوەی ئیسرائیل هەوڵ دەدات سوپای وڵاتەکەی پەلکێشی ناو ململانێ بکات لەگەڵ "بەرگری" (حزبوڵڵا)، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە رێگە بەوە نادەن و "ئەمە روونادات".

نەبیهـ بری، سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی "الديار" رایگەیاند، ئیسرائیل دەیەوێت سوپا بەرەو رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبوڵڵا ببات و ئەمەش ئامانجە راستەقینەکەی تەلئەبیب-ە. بری ئەو "رێککەوتنی چوارچێوەیە"ی کە لە واشنتن واژۆ کراوە بە "رێککەوتنی فیتنە" ناوبرد و راگەیاند، کاری پێشینەی ئەوان پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی و رێگریکردنە لە گواستنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان بۆ سەر شەقام.

سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان گوتیشی: "هەر دوای خوێندنەوەی رێککەوتنەکە، بە خێرایی هەڵوێستی خۆمم راگەیاند و گوتم: نا بۆ فیتنە و نا بۆ رژانە سەر شەقام"، ئاماژەی بەوەش کرد کە رێککەوتنەکە "خراپە و نادادییە بەرانبەر لوبنان". بری جەختی لەوە کردەوە کە لە بنەڕەتەوە دژی دانوستانی راستەوخۆ بووە لەگەڵ ئیسرائیل و نمونەی بە رێککەوتنی 27ی تشرینی دووەمی 2024 هێنایەوە، کە بووە هۆی کشانەوەی تەواوی حزبوڵڵا لە باشووری لیتانی بەبێ ئەوەی پێویست بە دانوستانی راستەوخۆ بکات.

نەبیهـ بری ئاماژەی بەوە کرد، دەرگای رێککەوتن هێشتا کراوەیە و گوتی: "ئەگەر لایەنی بەرانبەر ئامادە بێت، من ئامادەم بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە، چونکە کەس نایەوێت وڵات بگاتە بنبەست".

سەبارەت بە پرسی چەک، بری جەختی کردەوە کە پێویستە چەک لە هەموو لوبناندا تەنیا لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بێت. هەروەها داوای دروستکردنی "چەترێکی نێودەوڵەتی" کرد کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سعوودیە و ئێران پێکبێت، بۆ گەرەنتی کردنی هەر رێککەوتنێک کە جێبەجێ بکرێت.