سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پلەی سەدان ئەفسەری بەرز کردەوە
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی فەرمانێکی نوێی بۆ بەرزکردنەوەی پلەی 682 ئەفسەری هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەرکرد.
بە پێی فەرمانێکی نوێی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە بە واژۆی ئومێد سەباح دەرچووە، بڕیاردرا بە بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانەی ناو و پلەیان لە لیستێکی هاوپێچدا هاتووە.
لیستەکە لە زنجیرەی یەک بە ناوی عەقید عومەر فارووق عەبدولعەزیز محەمەد دەست پێدەکات و بە زنجیرەی 682 بە ناوی ملازم کەیوان عومەر عارف عەلی کۆتایی دێت.
فەرمانەکە پاڵپشت بە فەرمانی هەرێمی ژمارە 142 لە رێکەوتی 28ـی حوزەیرانی 2026 دەرچووە. بەرزکردنەوەی پلەی ئەو ئەفسەرانە بۆ پلەی نوێی شایستەی دیاریکراوی بەرامبەر ناوەکانیان دەبێت. ئەمەش بەپێی ماددەی 10 لە یاسای راژە و خانەنشینیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی فیدراڵی ژمارە 18ـی ساڵی 2011ـی بەرکار لە هەرێمی کوردستان، لەسەر میلاکی وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی فەرمانەکەدا بڕیاردراوە بە جێگیرکردنی سووڕانەوەی خزمەت بۆ ژمارەیەک لەو ئەفسەرانە بۆ پلەی داهاتوویان. بڕیارەکە ژمارەیەک زنجیرەی دیاریکراوی نێو لیستەکەی گرتووەتەوە و لە رێکەوتی دەرچوونییەوە کاری پێ دەکرێت.