فیلمی سینەمایی "ماسیگر" لە سینەماکانی کوردستان نمایش دەکرێت

فیلمی سینەمایی "ماسیگر"، کە لە دەرهێنانی لوقمان قاسمییە، ساڵی 2025 ئەو فیلمە بەرهەمهێنراوە و بڕیارە سەرەتا بۆ فێستیڤاڵە جیهانییەکان بنێردرێت و دواتر لە سینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت.

ئەمڕۆ هەینی، 3ی تەممووزی 2026، لوقمان قاسمی، دەرهێنەری ئەو فیلمە سینەماییە بە کوردستان24ـی گوت، "فیلمی سینەمایی "ماسیگر"، ماوەی فیلمە 70 خولەکە، من کاری دەرهێنانم بۆ کردووە و هەریەکە لە نزار سەلامی، حوسێن حەسەن عەلی و شەماڵی ئەبەڕەش رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، چیرۆکی فیلەکە لەلایەن پەیمان نیعمەتی و مەهدی ئەنساری نووسراوە. هەروەها بەرهەمهێنانی فیلمەکە لەلایەن من و د. میاجان مالکزادە، و عەلی ئیحسان ئەنجامدراوە، هەروەها ژمارەیەک هونەرمەند و پسپۆڕ لە بواری فیلمسازی وەکو، مۆسیقا، دەنگ، مەیکئاپ و دیزاینی پۆستەر، بەشدارییان لە بەرهەمهێنانی ئەم کارە سینەماییەدا کردووە."

لوقمان قاسمی گوتیشی، "فیلمەکە چیرۆکی کەسانێک دەگێڕێتەوە کە ناچار دەبن وڵاتی خۆیان بەجێبهێڵن و بۆ ژیانێکی نوێ کۆچ بکەن، بەڵام دوای گەیشتن بە وڵاتێکی تر، تەنیا کێشەی زمان و هەلی کاریان نییە، بەڵکو لەگەڵ جیاوازیی یاسا، کولتوور و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە نوێکەش دەستەوەستان دەبن. ئەوان هەوڵ دەدەن هێشتا بە پێی دابونەریت و بیرکردنەوەکانی کۆمەڵگەی خۆیان بژین، بەڵام لە وڵاتە نوێیەکە هەندێک لەو هەڵسوکەوتانە قبووڵکراو نین و بە پێچەوانەی یاسا و مافی مرۆڤ دادەنرێن."

ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیرۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "فیلمەکە بە شێوەیەکی رەخنەگرانە پیشان دەدات چۆن هەندێک کەس ناتوانن خۆیان لەگەڵ کولتووری وڵاتی دیکە بگونجێنن و هێشتا هەوڵ دەدەن دابونەریتە کۆنەکان بەسەر ژیانی نوێدا بسەپێنن. بۆ نموونە، ئەو بیرۆکەیەی کە لە هەندێک کۆمەڵگەدا توندوتیژی دژ بە ژنان یان کوشتنیان بە ناوی "شەرەف" هەبووە، فیلمەکە نیشان دەدات کە لە زۆربەی وڵاتە ئەورووپییەکان ئەو کردارە نەک تەنیا قبووڵ نییە، بەڵکو تاوانێکی گەورەی یاسایی و مرۆییە."

لوقمان قاسمی ئاماژەی بەوەش دا، "لە رێگەی چیرۆکی کارەکتەرەکانەوە، فیلمەکە پرسیارێکی گرنگ دەخاتە بەردەم بینەر، کە ئایا کاتێک مرۆڤ بۆ وڵاتێکی تر کۆچ دەکات، دەتوانێت تەنیا شوێنی ژیانی بگۆڕێت، یان پێویستە شێوازی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتیشی بگونجێنێت لەگەڵ یاسا و بەهاکانی ئەو کۆمەڵگەیەی تێیدا دژیت. فیلمەکە هەوڵ دەدات ئەو ململانێیەی نێوان رابردوو و ئێستا، دابونەریت و یاسا، و ناسنامە و تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نوێ، بە شێوەیەکی دراماتیکی کاریگەر بخاتە ڕوو."

فیلمی سینەمایی "ماسیگر" دوای تەواوکردنی بەشداری لە هەندێک فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی، بڕیارە لە مانگی ئۆکتۆبەر، لە سینەماکانی کوردستان نمایش بکرێت و یەکەم دیداری خۆی لەگەڵ بینەرانی کوردی ئەنجام بدات.