ئایشەگوڵ دۆغان: دەمانەوێت کۆتایی بە شەڕی چەکداری بێت
گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، پارتەکەیان بڕیارێکی ستراتیژیی داوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و جەخت لەسەر پێویستیی دەرکردنی یاسایەک دەکاتەوە کە زەمینە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام خۆش بکات.
ئەمڕۆ هەینی 3ـی تەمموزی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوایین هەڵوێستی پارتەکەی لەبارەی پێشهاتە سیاسییەکان و پرسی ئاشتی لە تورکیا خستە روو و رایگەیاند "پێویستە کار لەسەر یاسایەک بکرێت بۆ پرسی چەکدانان و نابێت چیتر کات بکوژرێت و ئەم پرسە دوابخرێت."
گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دواخستنی ئەم هەنگاوانە مەترسیی لێ دەکەوێتەوە و گوتی"بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە چیتر ئەم پرسە دوانەخرێت، چونکە چەندین کەس لە زیندانەکاندان، دەمانەوێت ئەنجامێکی وەها بەدەست بێت کە ئاشتییەکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ هەمووان لێ بکەوێتەوە و هەموو کەسێک خۆی لە چوارچێوەی ئەو ئاشتییەدا ببینێتەوە."
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی لەسەر بڕیاری ستراتیژیی پارتەکەی کردەوە و رایگەیاند "ئێمە وەک دەم پارتی بڕیارمان داوە کە خەباتی چەکداری کۆتایی بێت و لەبری ئەوە خەباتی دیموکراسی و سیاسی بە فکر و رامانی ئازاد پەرەی پێ بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە یاسایەک هەیە کە رێگەخۆشکەر بێت بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی دەگەڕێنەوە، بتوانن بە شێوەیەکی یاسایی تێکەڵی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ببنەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا، گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کە تورکیا پێشتر چەندین جار رووبەڕووی دۆخی هاوشێوە بووەتەوە بەڵام ئەنجامی باشی نەبووە، بۆیە ئێستا کاتی ئەوەیە بە جددی کار بۆ چاکسازیی یاسایی و سیاسی بکرێت کە خزمەت بە پرسی ئاشتی و دیموکراسی بکات.