پارێزەرانی دیاربەکر: ئەمڕۆ 40 ملیۆن کورد بێ مافن

عەبدولقادر گولەچ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر
عەبدولقادر گولەچ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر

ئەمڕۆ شەممە 4ـی تەممووزی 2026 لە شاری دیاربەکر، کۆنفرانسی پارێزەرانی کوردانی دیموکرات دەستی پێکرد. 

لە گوتاری کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا؛ عەبدولقادر گولەچ، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر رایگەیاند، بۆ ئەوەی نەتەوەیەک خاوەن ماف بێت مەرج نییە دەوڵەتی هەبێت، بەڵام ئەمڕۆ 40 ملیۆن کورد بێ مافن و لەژێر ستەمێکی گەورەدان.

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر باسی لەوە کرد، مافی زمان، کولتوور و مێژوو، مافی ئاسایی هەر نەتەوەیەکن تەنانەت گەر دەوڵەتیشیان نەبێت. هەروەها گوتی: "ئێمە وەک یاساناسانی کورد، دەبێت لەم کۆنفرانسەدا پێگەی گەلی کورد روون بکەینەوە و ستاتۆی دیاری بکەین."

سەبارەت بە مافی زمان و پەروەردە، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، پێویستە کورد لە نێو کۆمەڵگەی خۆیدا بە زمانی دایک قسە بکات و هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی مافی پەروەردە بە زمانی کوردی لە نێو سیستەمەکەدا بدات. هاوکات داوای کرد کورد لە شار و ناوچەکانی خۆی بە ویستی خۆی نوێنەرایەتیی خۆی بکات و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسی و فەرمیدا بکات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە پرسی ئاشتی و دەنگۆی دەستپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ لە تورکیا کرد و رایگەیاند: "هەر پڕۆسەیەکی ئاشتی ئەگەر لەسەر بنەمای یاسا و دادپەروەری دانەمەزرێت، پڕۆسەیەکی بەردەوام و پتەو نابێت. ئاشتی تەنیا بێدەنگبوونی چەکەکان نییە، بەڵکوو ئاشتی ئەوەیە مافی ئەم گەلە بناسرێت، دادپەروەری جێبەجێ بکرێت و کۆمەڵگە لە نێو سیستەمی سیاسیدا خۆی بە یەکسانی ببینێت."

گولەچ داوای دەستوورێکی نوێی دیموکراتیک و بەهێزکردنی بەڕێوەبەرییە خۆجێییەکانی کرد بە مەبەستی پاراستنی مافە بنەڕەتییەکان.

 لە کۆتاییشدا پەیامێکی یەکڕیزیی ئاراستەی یاساناسان و پارێزەرانی کورد کرد و گوتی: "بیروباوەڕمان هەرچییەک بێت، سۆسیالیست بین، لیبراڵ بین یان ئاییندار بین، دەبێت شان بدەینە بەر یەکتر و بۆ کاری یەکڕیزی و یەکێتیی نەتەوەییمان پێکەوە کار بکەین."

کۆنفرانسەکە بە دروشمی "بۆ ئازادی، ئاشتی و ستاتۆ، یاسای دیموکراتیک" لە شاری دیاربەکر بەڕێوەدەچێت. تێیدا ژمارەیەک لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری یاسا بەشدارن و گفتوگۆ لەسەر دۆخی یاسایی و مافەکانی کورد لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراتیکدا دەکرێت.