گرۆسی: دەستراگەیشتن بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران بەندە بە دانوستانەکان

رافائیل گرۆسی، بەرێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، دەستڕاگەیشتنی پشکنەرانی ئاژانسەکە بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران پەیوەستە بە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران.

گرۆسی ئاماژەی بەوەشدا، "تا ئێستا نەمانتوانیوە بگەینە رێککەوتن، بەڵام پێموایە پێویستە درک بەوە بکەین کە ئەم پرسە تا رادەیەک پەیوەندی بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەوە هەبووە."

بەرێوەبەرەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم باسی لەوەشکرد، هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەو قۆناخەی بە تەواوی بزانین کەی ئەمە روودەدات، هیوادارم زۆر نەخایەنێت، پێویستە ئێستا دەستمان بگات بە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران.

گرۆسی هیوای خواست خێرایی دانوستانەکان کە دوو هەفتە لەمەوبەر لە شاری بورگنستۆکی سویسرا دەستی پێکرد، خێراتر بێت.

ئێران و ئەمریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کرد کە کۆتایی بە ململانێی سەربازیی و دیاریکردنی ماوەیەک بۆ ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی و گەڕانەوەی ئێران بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دانا.

ئەمڕۆ شەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا ئاشکرای کرد، واشنتن ماوەی هەفتەیەک مۆڵەتی داوەتە ئێران بۆ ئەوەی کارە سەربازییەکانی رابگرێت بە مەبەستی بەڕێوەبردنی رێورەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران.