فیلمی ئەنیمەیشنی کوردی ئاوازی "سروشت" بەرهەمهێنرا
فیلمی ئەنیمەیشنی کوردی "ئاوازی سروشت" لە نووسین و سیناریۆی پشتیوان عەبدوڵڵایە، ئێستا بەرهەمهاتووە و بڕیارە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە نمایش بکرێت.
پشتیوان عەبدوڵڵا دەڵێت؛ "ئەم فیلمە ئەنیمەیشنە بە پەیامێکی مرۆیی و ژینگەیی، گرنگی پاراستنی سروشت و گیانلەبەران دەخاتەڕوو و بە شێوازێکی هونەری، پەیامێکی گەردوونی بۆ بینەرانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەگەیەنێت.
ئەمڕۆ شەممە، 4ی تەمموزی 2026، پشتیوان عەبدوڵڵا، نووسەری ئەو فیلمە ئەنیمەیشنە بە کوردستان24ی گوت، "فیلمی ئەنیمەیشنی کوردی "ئاوازی سروشت" لە نووسین و سیناریۆی منە و بەرهەمی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگەیە، هەروەها ئەو فیلمە تەنیا بەرهەمێکی ئەنیمەیشنی سادە نییە، بەڵکو نامەیەکی مرۆیی و ژینگەییە کە بە زمانی وێنە و هەست، گرنگی پاراستنی سروشت و گیانلەبەران دەگەیەنێت. هەرچەندە فیلمەکە بە زمانی کوردی بەرهەمهاتووە، بەڵام بە شێوازێکی هونەری و گەردوونی دروستکراوە کە پەیامەکەی بۆ بینەری هەر شوێنێکی جیهان تێگەیشتنە."
پشتیوان عەبدوڵڵا گوتیشی، "چیرۆکی فیلمەکە لە بەیانییەکی ئارام دەست پێدەکات، کاتێک گەنجێک بە ناوی ئازاد لەناو دارستانێکی جواندا پیاسە دەکات و دارلاستیکێکی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. بێدەنگی سروشت بە دەنگی شیرینی بولبولێک دەشکێت و ئەو دەنگە ئازاد بۆ ناو قووڵایی دارستان دەکێشێت، تا لە ژێر دارێکی گەورە باڵندەکە بدۆزێتەوە کە بە ئارامی گۆرانی دەڵێت."
پشتیوان عەبدوڵڵا باس لە چیرۆکی ئەنیمەیشنەکە دەکات و دەڵێت، "لە ساتە سەرەتاییەکاندا وا دیارە ئازاد دەیەوێت دارلاستیکەکە بەکاربهێنێت و باڵندەکە بکاتە ئامانج، بەڵام جوانی ئاوازەکە و ئارامی سروشت بەرەبەرە دڵ و بیرکردنەوەی دەگۆڕێت. هێزی دەستەکانی نامێنێت و دارلاستیکەکە لە دەستی دەخلیسکێت و دەکەوێتە سەر زەوی. لەو ساتەوە مرۆڤێک کە هاتووە بۆ ئازاردان، دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە تەنیا گوێ لە جوانی سروشت دەگرێت و لەگەڵیدا ئاسوودە دەبێت."
پشتیوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەش دا، "لە کۆتایی فیلمەکەدا، بولبولەکە هەست بە ئاسایش و پارێزراوی دەکات و بێ ترس نزیکتر لە ئازاد دەبێتەوە، بێ ئەوەی یەک وشە لەنێوانیان بگوترێت، تەنیا ئاوازە شیرینەکەی باڵندە دارستان پڕ دەکات و بینەر بە پەیامێکی قووڵ جێدێڵێت؛ ئەوەی جوانە پێویستی بە پاراستن هەیە، نەک لەناوبردن."
دەربارەی کاریگەری ئەو فیلمە ئەنیمەیشنە، پشتیوان عەبدوڵڵا دەڵێت، "ئەو فیلمە بە شێوازێکی سادە بەڵام کاریگەر، بیرۆکەی هاوبەشی مرۆڤ و سروشت دەخاتەڕوو و پیشانی دەدات کە گۆڕانی رەفتاری تاکێک دەتوانێت دەستپێکی پاراستنی ژینگە بێت. ئەم فیلمە هیوای ئەوە دەبەخشێت کە هونەر بتوانێت هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر سروشت لە دڵی بینەراندا زیندوو بکات و بیریان بخاتەوە کە جوانی راستەقینە ئەوەیە سەرسامی سروشت بین و بیپارێزین، نەک ئازاری پێ بگەیەنین."
فیلمی ئەنیمەیشنی کوردی "ئاوازی سروشت"، لە دەرهێنانی پشتیوان عەبدوڵڵایە، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی 2026، لە چاورچێوەی فێستیڤاڵی کوردستان بۆ فیلمی ژینگە لە سۆران نمایش بکرێت.