لە سنووری پردێ گەنجێک بێسەروشوێن بوو
لە رووداوێکی تەمومژاویدا گەنجێکی تەمەن 30 ساڵ لە سنووری شارەدێی پردێ بێسەروشوێن بوو. کەسوکارەکەی و بەرپرسانی ناوچەکە گومان دەکەن لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێنرابێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گەنجەکە ناوی (هەردی زەینەڵ)ـە و دانیشتووی گوندی یارمجەیە. ناوبراو بە مەبەستی ئاودانی کێڵگە گەنمەشامییەکەی بە ئۆتۆمبێلەکەی چووەتە گوندی قەزنەفەر لە نزیک گوندەکەی خۆیان، بەڵام لەو کاتەوە پەیوەندی مۆبایلی پچڕاوە و هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووسییەوە نییە.
کەسوکاری هەردی رایانگەیاندووە، دوای بێئومێدبوونیان لە پەیوەندیکردن پێیەوە، دەزگا ئەمنییەکان و سوپای عێراقیان ئاگادار کردووەتەوە و ئێستا پرۆسەیەکی فراوانی گەڕان لە ناوچەکە دەستیپێکردووە، بەڵام تائێستا هیچ سەرەداوێک نەدۆزراوەتەوە.
لەو بارەیەوە، مریوان غیدان ساڵەیی، لێپرسراوی هۆبەی کشتوکاڵی پردێ، بێسەروشوێنبوونی ئەو جووتیارەی پشتڕاستکردەوە و داوای لە هاووڵاتییانی سنوورەکە کرد، هەرکەس زانیارییەکی لەسەر هەیە یان شتێکی گوماناوی بینیوە، خێرا لایەنە ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە.
ئەم رووداوە ترس و دڵەڕاوکێی لای جووتیارانی ناوچەکە دروستکردووە. بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لە ناوچە دابڕێنراوەکانی پارێزگای کەرکووک دروستبووە، چەکدارانی داعش سوودیان لەو دۆخە وەرگرتووە و ناوبەناو لە شەواندا دەردەکەون. پێشتریش چەندین رووداوی هاوشێوەی رفاندن و هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان لە سنووری پردێ تۆمارکراون کە داعش لێی بەرپرسیار بووە.
تائێستا هیچ لایەنێکی فەرمی یان گرووپێکی چەکدار بەرپرسیارێتی خۆی لە بێسەروشوێنبوونی (هەردی زەینەڵ) رانەگەیاندووە، بەڵام شێوازی رووداوەکە و ناوچەکە گومانەکان بۆ سەر پاشماوەکانی داعش چڕ دەکەنەوە.