ئیحسان موفتی مێژووی هەولێر لە رێگەی ئەرشیفنامەوە بڵاودەکاتەوە
ئیحسان موفتی، نووسەر و توێژەر، بەشی یەکەمی نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی ‘ئەرشیفنامە’، کە باس لە مێژووی شاری هەولێر دەکات، بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئەو کتێبە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو بەڵگانەی کە هەندێکیان تاکو ئێستا لە دەستی گشتییەوە دوور بوون و مەترسی لەدەستچوونیان هەبوو.
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، ئیحسان موفتی، نووسەر و توێژەر بە کوردستان24ـی گوت، "پاراستنی بەڵگە و ئەرشیفی مێژوویی بە یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی توێژینەوەی مێژوو دادەنرێت، من لەرێگەی ئەو کتێبەوە هەنگاوێکی گرنگم ناوە بۆ پاراستنی بەشێک لە مێژووی هەولێر و کوردستان. ئەم کتێبە، کە وەکو بەشی یەکەم لە نزیکەی 600 لاپەڕە پێک هاتووە، کۆمەڵێک دۆکیۆمێنت و بەڵگەنامەی دەگمەن لەخۆ دەگرێت کە بۆ یەکەمجار بە شێوەیەکی رێکوپێک و زانستی خراوەتە بەردەستی خوێنەر و توێژەراندا."
ئیحسان موفتی گوتیشی "گرنگترین تایبەتمەندی ئەم کتێبە ئەوەیە کە پشت بە ئەرشیف و کتێبخانەی تایبەتی قازی رەشاد موفتی دەبەستێت؛ کتێبخانەیەک کە لە ماوەی ساڵانێکی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاوی بەڵگە، نامە، دەستخەت و دۆکیۆمێنتی مێژوویی تێدا پارێزراون و ئێستا بەهۆی ئەم کتێبەوە بەشێکیان دەگەنە دەستی خوێنەران و توێژەران."
ئەو نووسەرە باس لە ناوەڕۆکی ئەرشیفنامەکە دەکات و دەڵێت "ناوەڕۆکی ئەرشیفنامە، تەنیا لە کۆکردنەوەی بەڵگەنامەکاندا کورت نابێتەوە، بەڵکو هەر بەڵگەیەک لە روانگەی مێژوویی و زانستییەوە بایەخی تایبەتی هەیە. لە نێوان ئەو بەڵگانەدا، بەڵگەنامەکانی پەیوەندیدار بە کارێزما و حوکمڕانی ماڵباتی مەلا فەندی لە هەولێر شوێنێکی گرنگیان هەیە، چونکە رووناکی دەخەنە سەر قۆناخێک لە مێژووی شار کە زۆرێک لە زانیارییەکانی تا ئێستا بە شێوەی زارەکی یان سەرچاوەی سنووردار گواسترابوونەوە."
ئیحسان موفتی ئاماژەی بەوەش دا، "کتێبەکە ژمارەیەک دەستخەت و بەڵگەنامەی رەسەنی مەولانا خالیدی نەقشبەندی لەخۆ دەگرێت، کە لە رووی مێژوویی، ئایینی و کولتوورییەوە بەهایەکی زۆریان هەیە و دەتوانن ببنە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ توێژینەوەی ژیانی ئەو کەسایەتییە و سەردەمی خۆی."
دەربارەی گەڕان بەدوای کۆکردنەوەی بەڵگە مێژووییەکان، ئیحسان موفتی باسی لەوەکردووە "من لە هەندێک پرۆسەی گێڕانەوەدا، لە دۆزینەوە و کۆکردنەوەی ئەو بەڵگانەدا، خۆم بە شێوەیەکی راستەوخۆ ئامادەییم هەبووە، ئەوەش وای کردووە کارەکە تەنیا کۆکردنەوەی بەڵگە نەبێت، بەڵکو بەرهەمێکی توێژینەوەیی بێت کە پشت بە سەرچاوە رەسەن و متمانەپێکراوەکان دەبەستێت."
ئیحسان موفتی راشیگەیاند، "ئەو کتێبە هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەو بەڵگانەی کە هەندێکیان تاکو ئێستا لە دەستی گشتییەوە دوور بوون و مەترسی لەدەستچوونیان هەبوو. بڵاوکردنەوەی ئەم دۆکیۆمێنتانە، نەک تەنیا بۆ پاراستنی میراتی نووسراوی کوردی گرنگە، بەڵکو رێگە خۆش دەکات بۆ دروستبوونی توێژینەوەی نوێ، هەڵسەنگاندنەوەی رووداوە مێژووییەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە لە سەرچاوە مێژووییەکاندا هەن."
چاوەڕوان دەکرێت بەشەکانی داهاتووی "ئەرشیفنامە"، هەمان گرنگی و قەبارەی زانستییان هەبێت و بەردەوام دەروازەیەکی نوێ بۆ ناسینی بەڵگە شاراوەکانی مێژووی کوردستان بکەنەوە. هەروەها، خوێندنەوەی ئەم کتێبە بۆ مێژوونووسان، توێژەران، قوتابیانی زانکۆ و هەموو ئەوانەی حەزیان بە ناسینی مێژووی هەولێر و کوردستان هەیە، پێویستییەکی زانستی و رۆشنبیرییە، چونکە "ئەرشیفنامە"، تەنیا کتێبێک نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەرچاوە رەسەنەکانی مێژوو و خوێندنەوەی راستەقینەی رابردوو.
ئیحسان موفتی، نووسەر و توێژەر، یەکێکە لە گرنگترین پارێزەرانی بواری مێژوو، ئەرشیف و بەڵگەنامە لە هەرێمی کوردستان، کە ساڵانێکی زۆری لە ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ کۆکردنەوە، پاراستن و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوە و دۆکیۆمێنتە مێژووییەکان. موفتی لە کار و چالاکییەکانی خۆیدا پشت بە سەرچاوە رەسەن و ئەرشیفە تایبەتییەکان دەبەستێت و باوەڕی وایە کە نووسینەوەی مێژووی دروست، تەنیا بە پشتبەستن بە بەڵگە و دۆکیۆمێنتی رەسەن دەکرێت.