عەلی زەیدی: چاوپۆشی لەهیچ گەندەڵکارێک ناکەین
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند، هیچ جۆرە چاوپۆشییەک لە هیچ کەسێکی گەندەڵدا ناکرێت، بەردەوام دەبین لە راوەدوونانی تۆمەتباران و گێڕانەوەی ئەو پارانەی کە بە تاڵان براون.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران، عەلی زەیدی لەمیانی سەردانێکیدا بۆ وەزارەتی ناوخۆ، هەوڵەکانیان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرێن لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکە تاوتوێ کرد.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی پەیوەندی راستەوخۆی ئەم وەزارەتە بە ژیانی رۆژانەی خەڵکەوە، پێویستە خزمەتگوزارییەکان بە بەرزترین ئاست و بەپێی پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و بەدوور لە هەموو جۆرە حزبایەتییەک پێشکەش بکرێن.
لەبارەی پرسی گەندەڵییەوە، زەیدی رایگەیاند "وەزارەتی ناوخۆ دەستی حکوومەتە لە دۆسیەی دژایەتیکردنی گەندەڵیدا." جەختیشی کردەوە، هیچ چاوپۆشییەک لە هیچ کەسێکی گەندەڵدا ناکرێت، جەختی لەسەر بەردەوامبوونی حکوومەت کردەوە لە راوەدوونانی تۆمەتباران و گێڕانەوەی ئەو پارانەی کە بە تاڵان براون.
ئەمە لەکاتێکدایە هەفتەی رابردوو ئۆپەرسیۆنێک لەناوچەی سەوزی بەغدا بەرێوەچوو، تێیدا نزیکەی 70 بەرپرس و سەرۆک حزب و پەرلەمانتاری ئێستا و پێشوو لەسەر دۆسیەی گەندەڵی دەستگیرکران و سەدان ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلار دەستیان بەسەردا گیرا، هەروەها بەردەوام بوونی ئۆپەراسۆن و دەستگیرکردنی گەندەڵکارانیان راگەیاند.