زەیدی: سەرەڕای گوشارەکان لە راوەدوونانی گەندەڵکاران بەردەوام دەبین

سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی عێراق بەوپەڕی سووربوونەوە بەردەوام دەبێت لە راوەدووکردنی گەندەڵکاران و پاراستنی سامانی گشتی؛ هاوکات ستایشی کۆدەنگیی بەرفراوانی نیشتمانی دەکات لە نێوان لایەنە عەرەبی و کوردییەکان، کە پاڵپشتیی کەمپەینی چاکسازی دەکەن.

شەممە، 4ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: حکوومەتی عێراق بەوپەڕی پێداگرییەوە  لە لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و گێڕانەوەی مافەکانی دەوڵەت و جێگیرکردنی پایەکانی دادپەروەری بەردەوام دەبێت، راشیگەیاند، لەم رێبازە پاشەکشە ناکەن، گرنگ نییە قەبارەی رکابەرییەکان و گوشارەکان لەسەر حکوومەت چەند بن.

زەیدی لە پەیامەکەیدا، سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆی ئاڕاستەی گەلی عێراق کرد بۆ هەڵوێستی مێژووییان لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی. هاوکات سوپاسی سەرجەم دامەزراوە نیشتمانی و سەرکردە سیاسی و ئاینییەکانی کرد کە هاوشانی حکوومەت وەستاون؛ لە نێویشیاندا ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، مەرجەعە باڵاکانی ئایینی، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، و ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی.

هەروەها زەیدی پێزانینی تایبەتی بۆ هەڵوێستی نیشتمانیی هێزە کوردییەکان دەربڕی، کە لە پاڵ حکوومەتدا وەستاونەتەوە لەم کەمپەینە گرنگەدا.

عەلی فالح زەیدی جەختی کردەوە: "ئەم دەورەدان و هاوسۆزییە بەرفراوانە نیشتمانییە دەیسەلمێنێت کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا جەنگی حکوومەتێک نییە، بەڵکو جەنگی نیشتمانێکە بە تەواوی پێکهاتەکانییەوە، کە تێیدا هەمووان یەکدەگرن بۆ بەرگری لە ماڵی گشتی، سەروەریی یاسا و داهاتووی عێراق."