هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتەوە سفر
ئیدارەی وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە هەفتەی رابردوودا ئەمریکا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی لە عێراقەوە هاوردە نەکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تەممووزی 2026، ئیدارەی وزەی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، لە هەفتەی رابردوودا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی عێراق هاوردەی ئەمریکا نەکراوە.
بەگوێرەی داتاکان لە چەند هەفتەی رابردوودا هاوردەی نەوتی خاوی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا ناجێگیر بووە. هەروەها ئاستی هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا کە لە کۆتایی مانگی ئایار 43 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، هەفتەی یەکەمی حوزەیران بەرزبووەتەوە بۆ 107 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
هەر بە پیی داتاکان لە هەفتەی دووەمی مانگی حوزەیران، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا گەیشتە سفر، لە هەفتەی سێیەمی حوزەیران ئاستی هەناردەکردن بەرزبووەتەوە بۆ 71 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. بەڵام لە هەفتەی رابردوو جارێکی دیکە ئاستی هەناردەکردن دابەزیەوە بۆ سفر.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کەنەدا بە هەناردەکردنی 3 ملیۆن و 474 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، لە پلەی یەکەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە نەوت بۆ ئەمریکا هەناردە دەکەن، ریزبەندی وڵاتانی دیکەش بەم شێوەیەیە:
کەنەدا: 3,474,000
ڤەنزوێلا 611,000
بەڕازیل 248,000
ئیکوادۆر 220,000
مەکسیک 172,000
کۆلۆمبیا 136,000
سعوودی 56,000
لیبیا 32,000
ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن کە وڵاتی نایجیریاش هاوشێوەی عێراق، لە هەفتەی رابردوودا هیچ بڕە نەوتێکی نەناردووە بۆ ئەمریکا و ئاستی هەناردەکەی گەیشتووەتە سفر.