بلومبێرگ: مەترسییەکان لە گەرووی هورمز بەردەوامن

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا، پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنە سەربازییەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بڵاویکردەوە، هێشتا مەترسییە ئەمنییەکان لە گەرووی هورمز لە ئاستێکی بەرزدان و مینە دەریاییەکان لە ناوەڕاستی ئەم رێڕەوە بڵاوکراونەتەوە.

سەرەڕای مەترسییەکان، ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، دوێنێ یەکشەممە، 6 کەشتی گواستنەوەی نەوت و گاز لە کەناراوەکانی سوڵتاننشینی عومان بینراون، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی هێواشی جووڵەی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا دەبینرێت.

راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە، پرۆسەی دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز هێشتا ئاڵۆزە، تەنانەت دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لەنێوان ئێران و ئەمریکاش؛ بەجۆرێک لە نێوان رۆژانی هەینی و شەممەی رابردوودا، 8 کەشتی کە هەوڵیان دەدا لە رێگەی کەناراوەکانی عومانەوە لە کەنداوی عەرەبی بچنە دەرەوە، ناچار بوون بگەڕێنەوە.

لەسەر ئاستی سیاسی، ئێران هۆشداری توندی داوەتە هێزە نێودەوڵەتییەکان و رایگەیاندووە، گەرووی هورمز شانۆی نمایشە سەربازییەکانی هێزە بیانییەکان نییە. ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە هات، کییەر ستارمر سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ئامادەیی وڵاتەکانیان دەربڕی بۆ ناردنی نێردەیەکی سەربازی فرەنەتەوەیی بەمەبەستی پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووەکەدا.

لە لایەکی دیکەوە، لە چەند هەفتەی رابردوودا بەرپرسانی ئێران و سوڵتاننشینی عومان تاوتوێی رێکخستنی نوێی بەڕێوەبردنی گەرووەکەیان کردووە. لایەنی عومانی جەختی کردووەتەوە، هەر رێکخستنێکی نوێ دەبێت لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا بێت و نابێت بگۆڕدرێت بۆ سیستمێکی سەپاندنی باجی ناچاری بەسەر کەشتییەکاندا.

گەرووی هورمز بە یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان دادەنرێت، کەنداوی عەرەبی بە دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە. ئەم گەرووە رێڕەوی سەرەکی هەناردەکردنی بەشێکی زۆری نەوت و گازی جیهانە بۆ بازاڕەکانی ئاسیا،  لە سەرووی هەموویانەوە وڵاتی چین دێت وەک گەورەترین هاوردەکاری وزە لە ناوچەکەدا.