کارێکی مایکڵ ئۆلیسێ جیهان سەرسام دەکات
مایکڵ ئۆلیسێ ئینستاگرەمەکەی کردووەتە خزمەتی فۆتۆگرافەرێکی فەڕەنسی و سەرجەم وێنەکانی ئینستاگرامەکەی لابردووە.
مایكل ئۆلیسێ یاریزانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە ئینستاگرام سەرجەم وێنەکانی خۆی لە سەرەتای ئەم مۆندیالەوە لابردووە، گەرچی سەرەتا دەنگۆی ئەوە هەبوو ئەو یاریزانەی بایرن میونشن بیەوێت لەم هاوینە بچێتە ریال مەدرید و ریزەکانی یانە باڤارییەکە بەجێبهێڵێت، بەڵام دواتر دەرکەوت ئۆلیسێ لەپێناوی فۆتۆگرافەرێکی فەڕەنسی وێنەکانی لە ئینستاگرام لاداوە.
رۆژنامەی لیکیپی فەڕەنسی ئاشکرایکردووە، خانمە فۆتۆگرافەرێکی فەڕەنسی لەبەر ئەوەی ڤیزای ئەمریکای وەرنەگرتووە، نەیتوانیوە بۆ رووماڵکردنی یارییەکانی مۆندیال و چرکاندنی وێنەی یاریزانانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا لەناو یاریگا گەشتی ئەمریکا بکات، بڕیاریداوە هەر لە ماڵەوە بەدیار شاشەی تەلەڤزیۆن دەستبەرداری خولیا و پیشەکەی خۆی نەبێت و بە کامێرایەکەی وێنەی یاریزانەکانی فەڕەنسا بگرێت.
ئۆلیسێ لە ئینستاگرامەکەی تاوەکو ئێستا تەنیا پێنج پۆستی کردووە، هەر پێنجیان وێنەی تەلخ و ناڕوونی خۆیەتی، کە ئەو وێنانەن فۆتۆگرافەرەکە بەدیار شاشەی تەلەڤزیۆنەوە گرتوویەتی، گەرچی ئەو خانمە فۆتۆگرافەرە نەیتوانیوە گەشتی ئەمریکا بکات، بەڵام بەم هەڵوێستەی ئۆلیسێ ئێستا وێنەکانی لە فۆتۆی زۆربەی فۆتۆگرافەرەکانی مۆندیال بەناوبانگتر بوون.
ئۆلیسێ لە ئینستاگرامەکەی خۆی چەند وێنەیەکی ناڕوون و تەلخ و کۆنی خۆی داناوە، وەکو هاوسۆزییەک و پشتیوانییەک بۆ فۆتۆگرافەرە فەڕەنسییەکە.