بە فشاری کۆشکی سپی فیفا کارتە سوورەکەی یاریزانێکی ئەمریکای سڕییەوە
بێن جاکۆبز رۆژنامەنووسی بەناوبانگی بەریتانی ئاشکرایکردووە، دوای فشاری کۆشکی سپی، فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بڕیاریدا کارتە سوورەکەی فۆلارین باڵۆگەن هێرشبەری هەڵبژاردەی ئەمریکا بسڕێتەوە و ئەو یاریزانە بۆ یاریی بەرامبەر بەلجیکا لە قۆناخی 16 ئامادە دەبێت و یاریی دەکات.
بەگوێرەی زانیاری میدیاکانی بەریتانیا، لە کۆشکی سپییەوە پەیوەندیی بە جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیفا کراوە بۆ ئەوەی کارتە سوورەکەی فۆلارین باڵۆگەن بسڕێتەوە، فیفاش بڕیاریداوە بۆ ماوەی ساڵێک ئەو کارتە سوورەی ئەو هێرشبەرەی هەڵبژاردەی ئەمریکا هەڵپەسێرێت.
فیفا رەتیدەکاتەوە لەژێر فشاری کۆشکی سپی و دۆناڵد ترەمپ کارتە سوورەکەی باڵۆگەنی لادابێت و دەڵێت بەگوێرەی ماددەی 27 لێژنەی تەمبێکردن دەسەڵاتی هەیە کارتی سووری هەر یاریزانێک بە کاتی بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبپەسێرێت و ئەگەر ئەو یاریزانەی ئەمریکا هەر کارێکی دیکەی توندوتیژی یان سەرپێچی دیکەی زەق بکاتەوە، ئەوا یەکسەر کارتە سوورەکەی زیندوو دەبێتەوە و سزایەکەی لەسەر جێبەجێ دەکرێت.
فۆلارین باڵۆگەن، تەمەنی 25 ساڵە و لە ئەکادیمیای ئارسێناڵ پێگیەشتووە، بەڵام لە 2022 یانە لەندەنیەلەی جێهێشت و روویکردە یانەی ستەید ریمس، ئێستاش یاریی بۆ یانەی مۆناکۆی فەرەنسا دەکات، 30 یاری بە درێسی هەڵبژاردەی ئەمریکا کردووە و 12 گۆڵی تۆمار کردووە.