ژمارەی گیانلەدەستدانی تووشبووانی ئیبۆلا 500 کەسی تێپەڕاند

دەسەڵاتدارانی کۆنگۆی دیموکرات رایانگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بە ڤایرۆسی ئیبۆلا گیانیان لەدەستداوە، سەدانی کەسی تێپەڕاندووە.

ئاژانسی هەواڵی کۆنگۆ رایگەیاند، هەزار و 561 تووشبووی ڤایرۆسی ئیبۆلا پشتڕاستکراونەتەوە، لەو ژمارەیە 506 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 253 کەسیش چاکبوونەتەوە و 628 کەسیش لە ژێر چاودێریدان.

دەسەڵاتدارانی کۆنگۆ ئاماژەیان بەوەشکردووە، رێژەی مردن بە ڤایرۆسی ئیبۆلا گەیشتووەتە %32.4.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا لە کۆنگۆ و ئۆگاندا بە حاڵەتێکی نائاسایی تەندروستی گشتی راگەیاند، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییەی ڤایرۆسەکە بۆ وڵاتانی دراوسێ دروستی دەکات، هاوکات رێکخراوەکە ئاستی مەترسییەکانی ناوچەیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە بەرز هەڵدەسەنگێنێت.

ڤایرۆسی ئیبۆلا دەبێتە هۆی تایەکی توند و خوێنبەربوون، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1976 لە سوودان و کۆماری کۆنگۆی دیموکرات دەرکەوت، ناوی ڤایرۆسەکەش لە رووباری ئیبۆلاوە وەرگیراوە کە دەکەوێتە نزیک ئەو گوندەی یەکەمجار نەخۆشییەکەی تیادا سەرهەڵدا.