لە کەرکووک حاڵەتێکی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکرا

جارێکی دیکە ڤایرۆسی تای خوێنبەربوون لە سنووری پارێزگای کەرکووک سەری هەڵدایەوە و بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کە دەست کوردستان 24 کەوتووە، تووشبوویەکی نوێ تۆمارکراوە.

بەڵگەنامەکە لەلایەن تاقیگەی ناوەندیی تەندروستیی گشتییەوە دەرچووە، ئاماژە بەوە دەدات، دوای ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی وردی جۆری (RT-PCR)، دەرکەوتووە هاووڵاتییەکی تەمەن 35 ساڵ، کە دانیشتووی شارۆچکەی حەویجەی سەر بە پارێزگای کەرکووکە، هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و ئەنجامی پشکنینەکەی بە پۆزەتیڤ گەڕاوەتەوە.

پێشتر سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق، رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا 219 حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە وڵاتدا تۆمارکراون. راشیگەیاند؛ تیمەکانی چاودێریی پەتایی و دامەزراوە تەندروستییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە ڤێتێرنەری و چاودێرییەکان، رۆژانە بەدواداچوون بۆ دۆخی پەتاکە لە سەرجەم پارێزگاکاندا دەکەن.

سەیف بەدر ئاماژەی بەوەشدا، لە هەفتەی کۆتایی ئەم مانگی حوزەیران 23 تووشبوونی نوێ و 3 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراون، تووشبووان بەمشێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بوون:

1- زیقار: 10 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.

2- واست: 3 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

3-میسان: 3 تووشبوو.

4-بەغداد بەری رەسافە: 3 تووشبوو.

 5-دیالە: 2 تووشبوو.

 6-نەینەوا: 1 تووشبوو.

 7-نەجەف: 1 تووشبوو.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە 219 حاڵەتی پشتڕاستکراوە و 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان، کە بەم شێوەیەیە:

1-زیقار: 101 تووشبوو، 8 گیانلەدەستدان.

2-واست: 12 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.

 3-بابل: 10 تووشبوو، 2 گیانلەدەستدان.

4-موسەننا: 19 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

 5-بەسرە: 19 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

6-دیالە: 12 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

7-بەغداد بەری کەرخ: 4 تووشبوو، 1 گیانلەدەستدان.

 8-میسان: 17 تووشبوو.

 9-بەغدا بەری رەسافە: 10 تووشبوو.

10-نەینەوا: 8 تووشبوو.

11-سەڵاحەدین: 3 تووشبوو.

 12-کەرکوک: 3 تووشبوو.

 13-کەربەلا: 2 تووشبوو.

14-هەولێر: 2 تووشبوو.

15-سلێمانی: 2 تووشبوو.

16- نەجەف: 2 تووشبوو.

17- دیوانییە: 1 تووشبوو.

18- ئەنبار: 1 تووشبوو.

گوتەبێژی وەزارەت ئاماژەی بەوەشکرد، نیشانە سەرەتاییەکانی تای خوێنبەربوون بریتین لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، سەرئێشە، ئازار لە ناوچە جیاجیاکانی جەستەدا و شەکەتی گشتی. لە قۆناخەکانی دواتریشدا رەنگە ببێتە هۆی خوێنبەربوونی ژێر پێست یان خوێنبەربوون لە کونە سروشتییەکانی جەستەوە.

سیف بەدر جەختی کردەوە، پێویستە لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم نیشانەدا، بەتایبەت لای ئەوانەی بەهۆی کارەکەیانەوە (وەک گۆشتفرۆش، ئاژەڵدار و بازرگانانی ئاژەڵ) بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵدا هەیە، سەردانی نزیکترین ناوەندی تەندروستی بکەن؛ چونکە دەستنیشانکردنی پێشوەختە وەرگرتنی چارەسەری کاریگەر ئاسان دەکات.