زێلینسکی هۆشداریی لە هێرشێکی گەورە بۆ سەر ئۆکرانیا دەدات
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەممووزی 2026، لە ئەنجامی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر کێیڤی پایتەختی ئۆکرانیا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا. ئەمە دووەم هێرشی خوێناوی لەو جۆرەیە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دەکرێتە سەر پایتەخت.
تیمور تكاتشینكو، سەرۆکی کارگێڕی سەربازیی کێیڤ، لە هەژماری خۆی لە تێلیگرام رایگەیاند: "بەداخەوە بەهۆی هێرشەکەوە سێ کەس کوژران." ئاماژەی بەوەش کرد، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە ناوچەی پۆدیلسکی بەشێکی رووخاوە و لە ناوچەی دارنێتسیاش چەندین باڵەخانەی بەرز زیانیان بەرکەوتووە، پێشبینیش دەکرێت هاووڵاتییان لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا مابنەوە.
ڤیتالی کلیچکۆ، سەرۆکی شارەوانی کێیڤ، رایگەیاند، هێرشەکە ناوچە مێژووییەکانیشی گرتووەتەوە و تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەدان کە لە نهۆمەکانی سەرەوەی باڵەخانەکاندا گیریان خواردووە.
بەگوێرەی سەرچاوە مەیدانییەکان، هێرشەکە تا درەنگانی بەیانی بەردەوام بووە و تێیدا شەپۆلێک لە مووشەکی بالیستی، مووشەکی کرووز و درۆن بەکارهێنراون. دەنگی تەقینەوە لە سەرانسەری شارەکە بیستراوە و دانیشتووانی شارەکە پەنایان بۆ وێستگەکانی میترۆ بردووە.
ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، ئێوارەی یەکشەممە هۆشداریی دابوو، رووسیا خۆی بۆ هێرشێکی فراوانتر ئامادە دەکات، هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی لووتکەی ناتۆ. زێلینسکی رایگەیاند؛ دەزگا هەواڵگرییەکانیان زانیارییان دەستکەوتووە کە مۆسکۆ پلان بۆ لێدانێکی گەورە دادەنێت.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی لە رۆژهەڵاتی وڵات، زێلینسکی رەتیکردەوە، شاری ستراتیژی کۆستیتانتینیڤکا کەوتبێتە دەست رووسیا، وەک ئەوەی کرێملین بانگەشەی بۆ دەکات. زێلینسکی رایگەیاند: "جەنگ لەو شارە بەردەوامە و بانگەشەکانی پووتین تەنیا درۆن." ئەم شارە بە دەروازەیەکی سەرەکی بۆ شارەکانی کرامەتۆرسک و سلاڤیانسک دادەنرێت لە هەرێمی دۆنباس.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆکرانیا هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی رووسیا و ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە چڕتر کردووەتەوە. زێلینسکی ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەی ئۆرال ئەنجامی باشیان هەبووە. هەروەها بەرپرسانی مۆسکۆ لە نیمچە دوورگەی کریمیا رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی ئۆکرانیاوە، کارەبای شاری سیڤاستۆپۆل بەتەواوی بڕاوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا جەختی کردەوە، دەبێت گوشارەکان بۆ سەر رووسیا بەردەوام بن تاوەکو ناچار بکرێت بە گەیشتن بە ئاشتییەکی شکۆمەندانە چ لە رێگەی هێزەوە بێت یان دیپلۆماسی.
جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا چووەتە پێنجەمین ساڵی خۆیەوە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی جەنگەکە بێئاکام ماونەتەوە. لە چەند مانگی رابردوودا گرژییەکان گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بە تایبەت دوای ئەوەی ئۆکرانیا توانی لە رێگەی هێرشە ئاسمانییەکانیەوە زیانێکی گەورە لە ژێرخانی وزەی رووسیا بدات و یەک لەسەر سێی سووتەمەنی بەردەستی ئەو وڵاتە لەناو ببات.