لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکوومەت پارکێکی گەورە لە سۆران دروست دەکرێت
حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم پارکێکی گەورە لە سنووری شارەوانیی سۆران دروست دەکرێت؛ بۆ ئەم مەبەستەش وەزیری شارەوانی و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران سەردانی پێگەی پڕۆژەکەیان کرد.
دووشەممە 6ی تەممووزی 2026، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی بایەخدان بە زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی، پارکێکی گەورە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سۆران دروست دەکرێت
باسی لەوەش کردووە، بۆ ئەم مەبەستە، ئەمڕۆ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەلایەن هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پێشوازی لێ کرا
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو سەردانە بەمەبەستی بەسەرکردنەوە و بەدواداچوونی شوێنی دروستکردنی پارکێکی گەورەیە لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سۆران کە ئێستا لە قۆناخی تاوتوێکردن و سەرەتادایە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سەردانی پێگەی پڕۆژەی دروستکردنی پارکەکەیان کرد و لەگەڵ تیمێکی ئەندازیاریی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تاوتوێی دیزاین و چۆنیەتیی جێبەجێکردنی پڕۆژەکەیان کرد.

