ئیدارەی ڕاپەڕین.. کێڵگەیەکی پەلەوەری سووتا و 35 هەزار مریشک لەناوچوون

پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، بەهۆی شۆرتێکی کارەبا و تەقینی بۆریی گازەوە، ئاگرێکی گەورە لە کێڵگەیەکی پەلەوەریی سنوورەکە کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە35 هەزار مریشک بە تەواوی سووتاون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی تەمموزی 2026، ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24، لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، ئاگرەکە لە کێڵگەیەکی بەخێوکردنی پەلەوەر کەوتووەتەوە کە توانای لەخۆگرتنی 40 هەزار مریشکی هەیە. لە کاتی ڕووداوەکەدا، 35 هەزار مریشک لە ناو کێڵگەکەدا بوون و بەهۆی خێرایی تەشەنەسەندنی ئاگرەکەوە، سەرجەمیان سووتاون و زیانێکی زۆری ماددی بە خاوەنەکەی گەیشتووە.

سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد کە کاتژمێر 11ی شەو، شۆرتێکی کارەبا لە فێنککەرەوەکانی (موبەریدە) کێڵگەکەوە دروست بووە؛ بەهۆی بەرزیی پلەکانی گەرماوە، موبەریدەکان بە بەردەوامی کاریان کردووە و شۆرتەکە لە فێنککەرەوەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ بۆریی گازی کێڵگەکە، ئەمەش بووەتە هۆی تەقینەوەیەکی گەورە و تەشەنەسەندنی خێرای ئاگرەکە.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەتوانینی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە لە خولەکە یەکەمەکاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تەقینەوەی بۆریی گازەکە راستەوخۆ بووەتە هۆی داخرانی رێگای گەیشتن بەو کۆگایەی کە ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە و پێداویستییەکانی تری سەلامەتیی کێڵگەکەی تێدا هەڵگیرابوو، بەمەش کارمەندان نەیانتوانیوە بە کاتی رێگری لە کارەساتەکە بکەن.