ترەمپ: ئەگەر رێکنەکەوین، لە چەند کاتژمێرێکدا ژێرخانی ئێران لە ناو دەبەین

ترەمپ: من بەدوای گۆڕینی دەسەڵات نەبووم

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر دانوستانەکان نەگەنە ئەنجام، ئەوا واشنتن لە چەند کاتژمێرێکدا تەواوی پرد و وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران تێکدەدات؛ ئەو هاوکات دووپاتی کردەوە کە ئامانجی سەرەکییان تەنیا رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، نەک گۆڕینی دەسەڵات.

یەکشەممە 6ی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارێکیدا، مەرج و بژاردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێراندا خستەڕوو و رایگەیاند، واشنتن بە یەکێک لەم دوو رێگەیە سەردەکەوێت؛ یان لەگەڵ تاران دەگەنە رێککەوتن یان کارەکە بە هێزی سەربازی کۆتایی پێدەهێنن. ترەمپ گوتی: "من باشترە بگەمە رێککەوتن چونکە نامەوێت ژیانی 91 ملیۆن هاووڵاتیی ئێرانی تێکبچێت، بەڵام ئەگەر ناچار بین، زۆر ئاسانە بۆمان کارەکە تەواو بکەین."

سەرۆکی ئەمریکا بە توندی هۆشداریی دایە تاران کە سوپای ئەمریکا دەتوانێت لە ماوەی یەک کاتژمێردا سەرجەم پردەکانی ئێران بڕوخێنێت و تەنیا لە ماوەی نیوەڕۆیەکدا کۆتایی بە سەرجەم وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و سەرچاوەی وزەی ئەو وڵاتە بهێنێت کە بە پارەیەکی زۆر دروستکراون و گوتی: "ئەوان پارەیان پێ نییە و خۆشیان ئەم راستییە زۆر باش دەزانن."

ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر پێداگریی واشنتن لەم ململانێیەدا کردەوە و رایگەیاند: "من تەنیا بۆ یەک هۆکار و زۆر بە توندی چوومە ناو ئەم بابەتەوە، ئەویش ئەوە بوو کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."

هاوکات ئاماژەی بە گۆڕانکاریی سەرکردایەتی لە ئێراندا کرد و گوتی: "من بەدوای گۆڕینی دەسەڵات نەبووم، هەرچەندە ئەمە خۆی لە خۆیدا گۆڕینی دەسەڵاتە؛ چونکە دەسەڵاتی یەکەم رۆیشت و دووەمیش نەما، و پێم وایە سێیەمیش مەنتقیتر و لێکتێگەیشتووتر بن، بەڵام لە داهاتوودا ئەم راستییەمان بۆ دەردەکەوێت."