وەزارەتی شارەوانی: 100 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە
بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ ناوی 500 هەزار فەرمانبەر کراوە و نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەریش زەوییان وەرگرتووە، هەوڵەکانیش بۆ خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەردەوامن.
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەت بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران و خانەنشینان، تاوەکو ئێستا وردبینی بۆ ناوی 500 هەزار فەرمانبەر کراوە کە رەزامەندی وەرگرتنی زەوییان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەی 100 هەزار فەرمانبەر زەوییان وەرگرتووە.
گوتیشی، داوا لە شارەوانییەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و زاخۆ و سەرجەم شارەکان کراوە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی خێرا بکەن و هەنگاوەکان جدیتر کراون. ئاماژەی بەوەش کرد، ناوی فەرمانبەرانی گرێبەست بۆ وەرگرتنی زەوی بەگوێرەی مەرجەکان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕێی رەزامەندین، هەر کاتێکیش رەزامەندی وەرگیرا پرۆسەی وردبینی لە ناوەکانیان دەستپێدەکات.
سەبارەت بە مەرجی ساڵانی خزمەت، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بەوە دا، یەکێک لە مەرجەکان 8 ساڵ خزمەت بوو، بەڵام داواکارییەکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەو فەرمانبەرانەی خزمەتیان 7 ساڵە زەوییان پێبدرێت، ئەو بابەتەش ئێستا لە گفتوگۆ و هەڵسەنگاندندایە، چونکە بەشێک لە فەرمانبەران تەنیا چەند مانگێکیان ماوە مەرجی 8 ساڵ خزمەت بییانگرێتەوە.
هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکان، لە هەولێر لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێن، سەرەتا بەناوی شارەوانییەوە تاپۆ بکرێن و دواتر راستەوخۆ بەناوی فەرمانبەرانەوە بکرێن، نەک بە کارت دابەش بکرێن، ئەم هەنگاوەش بە مەبەستی خێراکردنی پرۆسەی تاپۆکردنی زەوییەکانە لەسەر فەرمانبەران.
سەبارەت بە هەوڵە نوێیەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لیژنەیەکی تایبەت بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی گونجاو پێکهێنراوە و رەزامەندی لەسەر 3 ناوچەی نوێ دراوە. بڕیارە سبەی وەک قۆناخی یەکەم، 73 پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری شارەدێی بەردەقارەمان دابەش بکرێن و لە چەند رۆژی داهاتووشدا قۆناخێکی دیکە لە سنووری شارەوانی سلێمانی رادەگەیەنرێت.
هاوکات لە هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان ئامادەکارییەکانی بۆ دابەشکردنی 3000 پارچە زەوی دیکە لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواو کردووە. بەگوێرەی داتاکان، شارەوانی هەولێر 82 هەزار پارچە زەوی تەرخان کردووە، کە 42 هەزاریان دابەشکراون و 40 هەزار پارچە زەوی دیکە ماونەتەوە. هەروەها لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ ئەوەی زەوییەکان راستەوخۆ بەناوی فەرمانبەرانەوە تاپۆ بکرێن نەک بە کارت.
لە 27ی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دابەشکردنی زەوی بەسەر سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی پێشتر سوودمەند نەبوونە دەرچوو، دواتر بڕیارەکە لە 28ی ئایاری 2024 لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە. هەر بەگوێرەی فەرمانی سەرۆکی حکوومەت، رەزامەندی دراوە لەسەر تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەرانی گرێبەست کە خزمەتیان لە 8 ساڵ کەمتر نەبێت، هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی رێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پێدانی زەوی بەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی کە هەڵگری کارتی زانیاری ناوچەکانی ماددەی 140ی دەستوور و دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن.