عێراق رێگری لە بەخشینی گورچیلە بە هاووڵاتییانی کوردستان دەکات
وەزارەتی تەندروستیی عێراق رێگری لە هاووڵاتییانی ناوەڕاست و باشوور دەکات گورچیلە ببەخشنە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەمپەر بۆ بەخشینی گورچیلە دروست دەکات و کۆمەڵێک مەرجی قورس دەسەپێنێت. بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتەکە، خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عێراق ناتوانن گورچیلە ببەخشنە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
ئەم بڕیارە بووەتە جێگەی نیگەرانیی بەشێکی زۆری نەخۆشان و پرۆسەی بەخشینی گورچیلەی لە هاووڵاتییانی عەرەبەوە بۆ کورد پەکخستووە. لە کاردانەوەی ئەمەشدا، کۆمەڵێک لە چارەخوازانی چاندنی گورچیلە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی سلێمانی گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست و رەخنەی توندیان لەو بڕیارانە گرت.
هیوا ئەحمەد، یەکێک لە کەسوکاری نەخۆشەکان رایگەیاند، حکوومەتی عێراق بە دانانی ئەم مەرجانە پرۆسەی وەرگرتنی گورچیلە لە هاووڵاتییانی عەرەب پەکدەخات. هاوکات ئاشکرای کرد، لە نێو وەزارەتی تەندروستیی عێراقدا داوای سێ ملیۆن دیناریان لێ کراوە تەنیا بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن و مۆڵەتی فەرمی بە نەخۆشەکان بدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو مەرجە قورسانە.
وەزارەتی تەندروستی چەند مەرجێکی بۆ بەخشینی گورچیلە دیاری کردووە، لەوانە دەبێت تەمەنی بەخشەر لە نێوان 18 بۆ 60 ساڵ بێت. هەروەها بەخشەر دەبێت بەتەواوی لێهاتوو بێت و رەزامەندیی ئازاد و نووسراوی خۆی بەبێ هیچ گوشار و زۆرەملێیەک بداتە وەزارەتەکە.
لە بەشێکی دیکەی مەرجەکاندا هاتووە، پێشینەی بەخشینی گورچیلە دەدرێتە دانیشتووانی پارێزگاکانی عێراق، واتە خەڵکی ناوەڕاست و باشوور ناتوانن گورچیلە ببەخشنە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان.
سەرەڕای ئەوەش، لیژنە ناوەندییەکانی وەزارەتەکە هەفتانە چاوپێکەوتن لەگەڵ بەخشەر و ئەندامانی خێزانەکەی دەکەن و نابێت بە هیچ شێوەیەک بانگەشە بۆ بەخشەر یان وەرگر بە شێوەیەکی تایبەتی لە میدیاکاندا بکرێت.