ئایدن مەعروف: زمانی سەربازی خزمەت بە ئاشتی ناکات و رەتی دەکەینەوە

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی بە جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانیی قووڵ ناو برد و، بە ناوی پێکهاتەکانەوە جەختی کردەوە کە زمانی سەربازی خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی وڵات ناکات و بە تەواوی رەتی دەکەنەوە.

سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان، لە راگەیەنراوێکدا سەبارەت بە راگەیەنراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتێکدا کەناڵەکانی گفتوگۆ لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کراوەن، ئەو لێدوانە جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانیی قووڵە.

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان جەختی کردەوە، زمانی سەربازی خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی وڵات ناکات و بە تەواوی رەتی دەکەینەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بونیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر بۆ هەموو پێکهاتەکان، پێویستی بە پابەندبوون بە دەستوور، بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینە و رێزگرتن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان هەیە.

ئایدن مەعروف دووپاتی کردەوە، لەم قۆناخە هەستیارەدا، یەکڕیزیی هەرێمی کوردستان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی لە لایەن هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانەوە، تاکە رێگەی تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکانە.