راپۆرتێک: ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران دەکات
تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە کە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ناوخۆدا گفتوگۆ لەسەر بژاردەی بەئامانجگرتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان دژی دامەزراوە نەوتی و ئەتۆمییەکان دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە فەرماندە سەربازییەکان هۆشداری لە زیادبوونی مەترسییەکان دەدەن و هێشتا ترەمپ بڕیاری کۆتایی نەداوە.
سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆڕی هەواڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکا و کەسێکی ئاگادار لە گفتوگۆکانەوە بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ناوخۆدا گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەکەن کە ئایا سوپای ئەمەریکا سەرکردە باڵاکانی ئێران بکاتە ئامانج بۆ دوورخستنەوەی ئەوانەی بە توندڕەوەکانی ناو دەسەڵاتی ناو دەبرێن یان نا.
ئاماژەشی داوە، ئەو بەرپرسانەی ئیدارەی ئەمەریکا کە پشتگیریی پێشنیازەکە دەکەن پێیان وایە ئەو هەنگاوە دەکرێت رێگە بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بدات کۆتایی بە جەنگ بهێنێت، چونکە پەیامێکی روون دەداتە ئەو بەشەی ماوەتەوە لە ئێران کە ئەمەریکا دەتوانێت لە هەر کاتێکدا سەرکردەکانیان بدۆزێتەوە، بیانکاتە ئامانج و بیانکوژێت.
لە بەرامبەردا، ئەو بەرپرسانەی دژی پێشنیازەکەن دەڵێن رەنگە ئەم هەنگاوە وا بکات ئەو سەرکردانەی لە ئێران ماونەتەوە زیاتر پێداگر بن و متمانەپێکراویی ئەمەریکاش لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لاواز بکات. هەروەها بە گوتەی سەرچاوەکان، هەندێک لە فەرماندە سەربازییەکانی ئەمەریکاش هۆشدارییان داوە کە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی ئێران رەنگە بەرپرسانی ئەمەریکا بخاتە مەترسییەکی گەورەترەوە؛ ئێن بی سی نیوز لەم بارەیەوە باسی لەوە کردووە بە هۆی هەڕەشەکانی ئێرانەوە، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا لەم دواییانەدا چووەتە بنکەیەکی سەربازی لە ناوچەی واشنتن دی سی.
سەرچاوەکان باسیان لەوەش کردووە ترەمپ هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر هەنگاوەکانی داهاتووی جەنگ نەداوە و کۆمەڵێک بژاردەی جیاواز تاوتوێ دەکات، لەوانە ئەگەری هەنگاوێکی سەربازیی گەورەی نوێ، و لەم هەفتانەی دواییشدا بژاردەی لێدانی سەرکردە باڵاکانی ئێران جارێکی دیکە خراوەتەوە بەر باس.
لە راگەیاندراوێکدا، بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکا بە ئێن بی سی نیوزی گوت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و داڕمانی ئابووریی ئێران لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە. ترەمپ بە روونی رایگەیاندووە، گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا، ئۆپەراسیۆنی و ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی کە رێڕەوەکانی دابینکردنی ئێران دەکاتە ئامانج، بە تەواوی بەردەوام دەبن. گوتیشی ترەمپ بژاردەی زۆری لە بەردەستدایە تا دڵنیا ببێتەوە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە کاتێکدا پێنتاگۆن وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەدایەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکانی ئێن بی سی نیوز، ترەمپ بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان، لێدانی ژێرخانی ئێران و ئامانجە سەربازییەکانی دیکە دەکاتەوە، هاوکات لەگەڵ راگەیاندنی ئەوەی ئەمەریکا بە کردەوە جەنگەکەی بردووەتەوە؛ ئەو کەناڵە هەفتەی رابردووش بڵاوی کردبووەوە کە واشنتن و تاران بە بێدەنگی هێرش دەکەنە سەر یەکتر.
بە گوتەی پسپۆڕانی ئێران و بەرپرسانی ئەمەریکا، ئامانجە ئەگەرییەکانی دیکە دەکرێت دامەزراوە نەوتییەکانی دوورگەی خارک، ژێرخانی نەوت و گازی دوورگەی قیشم و دامەزراوەی پیتاندنی ئەتۆمی لە کێوی کولەنگ لەخۆ بگرن، دوای ئەوەی سوپای ئەمەریکا لەم دواییانەدا لە هێرشێکدا کە پێنتاگۆن بە بەرگریکارانە ناوی برد، بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی لە دوورگەی قیشم کردبووە ئامانج.
لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا، ئەمەریکا و ئیسرائیل ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای تەمەن 86 ساڵی ئێرانیان کوشت و کۆتاییان بە 36 ساڵ دەسەڵاتەکەی هێنا، لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و سەرکردەی باڵای سەربازی، هەواڵگری و سیاسیی دیکە، دواتریش لە مانگی ئاداردا موجتەبا خامنەیی کوڕی وەک شوێنگرەوەی دەستنیشان کرا و تا ئێستا وەک رێبەر ماوەتەوە.