لە سلێمانی زیاتر لە 180 هەزار هاوبەشی کارەبا بە ئی- پسوولە پارەکانیان داوە
تاوەکو ئێستا زیاتر لە 180 هەزار هاوبەشی کارەبا لە سلێمانی لە رێگەی ئی- پسوولەوە پارەکانیان داوە و داواش دەکرێت تا بکرێت لە رێگەی دیجیتاڵییەوە پارەی کارەبا بدرێت.
سیروان محەمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێشتر بە سێ شێواز پارەی کارەبا لە هاوبەشان وەردەگیرا، بەڵام ئێستا لە رێگەی سیستمی ئەلیکترۆنییەوە ئاسانکاریی تەواو کراوە و پێویست ناکات هاووڵاتییان سەردانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن.
گوتیشی: روژانە هاووڵاتییەکی زۆر بۆ دانەوەی قەرز و پاکتاوکردنی قەرزی ساڵانی رابردوو سەردانی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارەبا دەکەن، ئەمەش کاتێکی زۆری هاووڵاتییان دەبات و قەرەباڵغییەکی زۆریش دروست دەکات، بۆیە هاوبەشانی کارەبا تا بکرێت لە رێگەی سەکۆی ئی- پسوولەوە پارەی کارەبا بدەن باشترە، چونکە کاتیان بۆ دەگەڕێتەوە و هیچ رسووماتێکیان لێ وەرناگیرێت.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی ئاشکراشی کرد، دوای کەوتنەکاری سیستمی ئی- پسوولە، زیاتر لە 180 هەزار هاوبەشی کارەبا لە رێگەی ئەم سیستمە دیجیتاڵییەوە پارەی کارەبایان داوە و ئاسانکاریی باش بۆ هاووڵاتییان کراوە. سەبارەت بە پڕۆژەی رووناکی، سیروان محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، تەواوی کارەبای سەنتەری شاری سلێمانی چووەتە ناو پڕۆژەی رووناکی و کارەبا بە شێوەی 24 کاتژمێری بە هاوبەشان دەدرێت. تەنیا دەوروبەری سلێمانی ماوە بچێتە ناو پڕۆژەکە و بڕیاریشە لە ئایندیەکی نزیکدا کارکردن بۆ پڕۆژەی رووناکی لە سنووری پیرەمەگروون، دوکان، سەیدسادق، پێنجوێن و تەواوی ناوچەکانی دیکە دەست پێ بکات.
بەگوێرەی داتاکان، 550 هەزار هاوبەشی کارەبا لە سلێمانی هەن و بە شێوەی 24 کاتژمێری کارەبایان پێدەدرێت، ئێستاش زیاتر لە رێگەی دیجیتاڵییەوە قەرزی کارەباکەیان دەگەڕێننەوە.
ئی-پسوولە، سەکۆیەکی فەرمی و دیجیتاڵیی پارەدانی خزمەتگوزارییەکانە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەک پارەی کارەبا، ئاو و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکە. ئەم سیستمە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان دروستکراوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی خێرا پسوولەکانیان ببینن و پارەکەیان بدەن.