وەزیری تەندروستی: بودجەی تایبەت بۆ شوشتنی گورچیلە تەرخان دەکرێت
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، لە میانی سەردانەکەیان بۆ بەغدا زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلاریان بۆ کەرتی تەندروستی بەدەستهێناوە و بەشێکی زۆریش بۆ شوشتنی گورچیلە تەرخان دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تەمموزی 2026، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەرهەمی سەردانەکەی ئەم دواییەیان بۆ بەغدا بەدەستهێنانی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار بووە.
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بودجەیە بۆ کارکردن و پەرەپێدانی چەندین پرۆژەی تەندروستیی جیاواز لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
بەرزنجی ئەوەشی خستەروو، بەشێکی گرنگی ئەم بودجەیە بۆ پرۆژەکانی فراوانکردنی بەشەکانی شوشتنی گورچیلە دەبێت و خزمەتێکی زۆر بە نەخۆشان دەگەیەنێت.
پێشتر وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو بەغدا تەنیا 41%ـی پێداویستییەکان دابین دەکات، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری خستبووە سەر بودجەی ناوخۆیی.
هەرێمی کوردستان مانگانە ملیاران دینار بۆ کڕینی دەرمان و بەتایبەت دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە خەرج دەکات.
هاوکات نەخۆشانی سستبوونی گورچیلە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیان لە سێ هەزار نەخۆش تێپەڕیوە و پێویستیی بەردەوامیان بە ئامێرەکانی شوشتنی گورچیلە هەیە، ئەم چارەسەرەش تێچوویەکی زۆری دەوێت.