لە پاکستان ژمارەیەک پۆلیس کوژران

دەسەڵاتدارانی پاکستان رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی چەکدارییەوە بۆ سەر خاڵێکی پشکنین کە ئەرکی پاراستنی پڕۆژەی دروستکردنی بەنداوی مانگی بوو لە ویلایەتی بەلوچستانی باشووری رۆژئاوای وڵاتەکە، 9 کارمەندی پۆلیس کوژران و چەند کەسێکی دیکەش دوای هێرشەکە بێسەروشوێن بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تەممووزی 2026، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی بەلوچستان رایگەیاند، لە هێرشەکەدا 9 پۆلیس کوژراون، لە نێو کوژراوەکاندا ئەفسەری باڵای چەندین بنکەی پۆلیسی جیاواز هەن، هەروەها چەکدارە ئیسلامییەکانی بە بەرپرسیار دانا لەم هێرشە لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس و دژە تیرۆر ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنی هاوبەشیان دژ بە هێرشکارەکان کرد.

ویلایەتی بەلوچستان کە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە کانزاکان و هاوسنوورە لەگەڵ ئەفغانستان و ئێران ساڵانێکە گرووپە جوداخوازەکان هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی حکوومەت و پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی بیانی و ژێرخانی ئابووری لە کاتێکدا ئیسلام ئاباد دەڵێت، سەرچاوەی ئەم هێرشە سنوورییانە ناوخۆی ئەفغانستانە بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان بەردەوام هەر جۆرە تێوەگلانێک رەت دەکەنەوە.

پاکستان لەم دواییانەدا چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەفغانستان، بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان بەڵام بەرپرسانی ئەفغانستان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێن، ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی دەیان هاووڵاتی سڤیل و لە هەمان کاتدا لە ناوخۆی بەلوچستان چەکدارانی سوپای رزگاریخوازی بەلوچستان داوای جیابوونەوەی هەرێمەکە و پێدانی حوکمی خۆبەڕێوەبەری دەکەن بۆ نەتەوەی بەلوچ.