ئێران: هێرشەکانی ئەمریکا رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگی پووچەڵ کردەوە
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سوپای ئەمریکا بە بەزاندنی سەروەریی خاک و پێشێلکردنی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشی سەربازیی کردووەتە سەر چەند بنکەیەکی چاودێری لە کەناراوەکانی باشووری ئێران.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێێدا هاتووە، ئەم هێرشانەی ئەمریکا نەک تەنیا پێشێلکردنی ماددەی 2ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە، بەڵکو پێشێلکردنی ئاشکرای "یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ"یشە کە تێیدا جەخت لە راگرتنی کردە سەربازییەکان کرابووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە، زنجیرەیەک هەنگاوی ئەمریکا، لەوانە، هێرشە سەربازییەکان، بڕیاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی فرۆشتنی نەوتی ئێران و دەستێوەردان لە گەرووی هورمز، لەگەڵ بەردەوامیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، بوونەتە هۆی ئەوەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ بێ بایەخ و بێ ئەنجام بێت، تاران بەرپرسیارێتی تەواوی پەرەسەندنی گرژییەکان دەخاتە ئەستۆی واشنتن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، ئێران هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ و کەنداو کردووە و رایگەیاندووە "هەر وڵاتێک رێگە بدات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنرێت، وەک هاوبەش لە تاوان و دەستدرێژییەکەدا هەژمار دەکرێت و دەبێت بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی هەڵبگرێت."
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەکانی ئەمریکای بە توندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند، بەپێی ماددەی 51ـی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران مافی رەوای بەرگری لەخۆکردنی هەیە، جەختیشی کردەوە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بێ دوودڵی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەنەوە و سەرچاوە و بنکەی هێرشەکان دەکەنە ئامانج بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و تەواوی خاکی وڵاتەکەیان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی چڕیان کردووەتە سەر ناوخۆی ئێران. بە گوتەی ئەمریکا، لەو هێرشانەدا زیاتر لە 80 ئامانجی سەربازی پێکراون، لەوانە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، بنکەکانی فەرماندەیی، رادارە کەنارییەکان و بەلەمە جەنگییەکانی سوپای پاسداران لە نزیک گەرووی هورمز. واشنتن دەڵێت؛ ئەم هەنگاوەی بۆ سزادانی تاران بووە، چونکە ئێران هێرشی کردووەتە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا.
لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، 85 پێگەی سەربازی ئەمریکای لە هەردوو وڵاتی بەحرێن و کوەیت کردووەتە ئامانج. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک بووە بۆ پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە.