لە خەبات تیروپشکی دابەشکردنی زەوی فەرمانبەران بەرێوەچوو

ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، پرۆسەی دابەشکردنی زەوی و تیروپشک بەسەر فەرمانبەرانی قەزای خەبات لە هەردوو راژەی مەدەنی و سەربازیدا دەستی بەرێوەچوو.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی:  لەم قۆناخەدا 2600 فەرمانبەر کە پێشتر فۆڕمی تایبەت بە وەرگرتنی زەوییان پڕکردووەتەوە و رێکارەکانیان تەواو کردووە، تیروپشکی زەوییەکانیان بۆ دەکرێت.

گوتیشی: زیاتر لە 400 پارچە زەوی دیکە بۆ جووتیاران، سەرجەم خاوەن زەویی مافەکان ئامادە کراوە، کە ئەوانیش بەپێی رێکارە یاساییەکان پرۆسەی وەرگرتنی زەوییەکانیان بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ دلاوەر مزووری، سەرۆکی شارەوانیی خەبات بە کوردستان24 ـی راگەیاند، ئەم زەوییانەی دابەش دەکرێن دەکەونە نێوان کۆمەڵگەی جەدیدە و ناحیەی رزگاری، کە پێگەیەکی گونجاویان هەیە لەسەر رێگای دووسایدی هەولێر-خەبات."

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 35 هەزار پارچە زەوی لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر دابەشکراون و نزیکەی 11 هەزار فەرمانبەر ماون زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت، زۆرینەی ئەو فەرمانبەرانەشی ماون دەکەونە سنووری قەزاکانی هەریر و کۆیە.

ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دێت بۆ پێدانی زەوی بە فەرمانبەران بەگوێرەی سیستمی خاڵبەندی. لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرجەم فەرمانگەکان کارە پێویستەکانیان بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە ئەنجام داوە.