هێمن هەورامی: هیچ بیانوویەک بۆ کارا نەکردنەوەی پەرلەمان نەماوە
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تەممووزی 2026، هێمن هەورامی لە پیرمام، بە جیا لەگەڵ کونسولی گشتیی ژاپۆن و راوێژکاری سیاسیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبوک بڵاویکردەوە، لەگەڵ هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسولی گشتیی ژاپۆن، بە ئامادەبوونی تۆمۆهیرۆ ماتسوشیما، بەرپرسی کاروباری سیاسیی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق و مایوکی نیشیمورا لە بەشی سیاسی کۆبووەوە، لە دیدارێکی دیکەشدا، پێشوازی لە خاتوو لویسیا، راوێژکاری سیاسیی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
هێمن هەورامی گوتێشی: گفتوگۆ لەبارەی دوایین بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانەوە کرا، ئاماژەی بەوەشدا، دوای 20 مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پارتی وەک هێزی یەکەمی براوە سەرجەم هەوڵەکانی خۆی لە رێگەی کۆبوونەوەی دووقۆڵی و فرەقۆڵی، پەیام، راگەیەندراو و پێکهێنانی لیژنەی گفتوگۆوە خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی رێککەوتن بکرێت و پەرلەمان کارا بێتەوە تا ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
گوتیشی: ئێستا هیچ بیانوویەکی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی بۆ کارا نەبوونی پەرلەمان نەماوە؛ بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان کە نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەی مێژووییدان بۆ کاراکردنی پەرلەمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هێمن هەورامی، ئامادەیی تەواوی پارتی دیموکراتی کوردستانی پێشان دا بۆ بەشداریکردن لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و رایگەیاند "ئەگەر هەر لایەنێکی دیکە بەپێی هەر رێککەوتنێک یان رێکارێکی دیکە خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی کورسییەکانی پارتی دەزانێت، با بێتە ناو پەرلەمانێکی کاراوە و لەوێدا درێژە بە گفتوگۆ سیاسییەکان بدەین." ئاماژەش بەوە کرا کە بەدەر لەم هەنگاوە، هەر جۆرە خۆدزینەوەیەک لەم پرسە، بە واتای فەرامۆشکردنی دەنگی دەنگدەران و بە بارمتەگرتنی پەرلەمانی کوردستان دێت.
