بەنداوی ئاقوبان توانای گڵدانەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاو هەیە
پڕۆژەی بەنداوی ئاقوبان لە دەڤەری خۆشناوەتی، کە بە تێچووی زیاتر لە هەشت ملیار دینار جێبەجێ کراوە، وەک یەکێک لە پڕۆژە گرنگەکانی کەرتی ئاودێری و پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر دادەنرێت.
ئەم بەنداوە کە دەکەوێتە گوندی ئاقوبانی خواروو لە شارەدێی هیرانی سەر بە شارۆچکەی شەقڵاوە، لەسەر رووبەری 400 هەزار مەتر چوارگۆشە دروستکراوە؛ بەرزییەکەی دەگاتە 31 مەتر و توانای گڵدانەوە و پاشەکەوتکردنی دوو ملیۆن و 600 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوەکە رۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە پاراستن و بووژاندنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا. هاوکات سوودێکی دارایی و ژیاریی گەورە بە گوندەکانی دەوروبەر دەگەیەنێت، بەتایبەت لە دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ کارەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم پڕۆژەیە هاوکارێکی باش دەبێت بۆ گەشەپێدانی سامانی ماسی، پاراستنی ژینگەی سروشتی و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی وشکەساڵی. هەروەها لە وەرزی بارانباریندا، وەک قەڵغانێک کاردەکات بۆ پاراستنی گوندەکانی ناوچەکە لە مەترسییەکانی لافاو لە کاتی سەرڕێژبوونی ئاودا.
لە ئێستادا بەنداوی ئاقوبان، جیا لە گرنگییە ئابووری، کشتوکاڵی و ژینگەییەکەی، بەهۆی ئاوێتەبوونی دیمەنی ئاو و سروشتە جوانەکەیەوە، بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاریی دڵڕفێن کە ئارامی دەبەخشێتە سەردانیکەرانی.