عێراق.. وردبینی لە دۆسیەی کۆلێژە پزیشکییەکان دەکرێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق، ژمارەیەک رێکاری نوێی سەبارەت بە راگرتنی مۆڵەتی کۆلێژە ئەهلییەکان و وردبینیکردن لە دۆسیەی کۆلێژە پزیشکییەکان راگەیاند.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، وەزارەتەکەیان سوورە لەسەر پاراستنی رێکارە یاسایی و ئەکادیمییەکان لە کاتی دامەزراندنی زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکان، بەتایبەتی کۆلێژەکانی پزیشکی گشتی.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، عەبدولحوسێن موسەوی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەت، رێنماییداوە بە راگرتنی وەرگرتنی هەر داواکارییەکی نوێ بۆ دامەزراندنی زانکۆ و کۆلێژە ئەهلییەکان. هەروەها بڕیاریداوە بە هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ هەموو ئەو مۆڵەتانەی لە قۆناخی رابردوودا (پێش دەستبەکاربوونی وەزیری ئێستا) درابوون، ئەوەش دوای ئەوەی لیژنەکانی وردبینی و لێکۆڵینەوە چەندین پێشێلکارییان تێدا دۆزیوەتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای ئەهلی بڕیاریداوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای وەزاری بە سەرۆکایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خوێندن و پلان دانان، بۆ وردبینیکردن لە میکانیزمی دامەزراندنی سێ کۆلێژی پزیشکی کە لە سەردەمی پێشوودا رەزامەندییان بۆ وەرگیرابوو، ئامانج لەم کارەش دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە ئایا ئەو کۆلێژانە لەگەڵ یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران دەگونجێن یاخود نا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق جەختی کردووەتەوە کە پابەند دەبن بەوەی هیچ مۆڵەتێکی نوێ بۆ دامەزراندنی زانکۆ و کۆلێژەکان نەدەن، مەگەر هەموو مەرج و پێوەرە یاسایی و زانستییەکان بەپێی ستانداردەکان جێبەجێ کرابن.