وەزارەتی پەروەردە رێنمایی بۆ فێرکردنی ژیریی دەستکرد بە رێنووسی ستاندارد بڵاودەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رێگەیەکی نوێی بۆ فێرکردنی سیستمەکانی ژیریی دەستکرد بە رێنووسی یەکگرتووی کوردی راگەیاند، تاوەکو ئەو سیستمە زیرەکانە لە کاتی داڕشتنەوە و وەرگێڕاندا تەنیا پابەندی رێساکانی وەزارەت و ئەکادیمیای کوردی بن.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە رێنمایی دەداتە بەکارهێنەرانی تەکنەلۆژیا کە دەتوانن لە رێگەی چەند هەنگاوێکی سادەوە ژیریی دەستکرد (وەک Gemini و ChatGPT) فێری رێنووسی ستاندارد بکەن. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە لە هەنگاوی یەکەمدا، فایلی (PDF) "پوختەی رێنووسی وەزارەتی پەروەردە" لەم لینکەی خوارەوە دابگیرێت:

کلیک لێرە بکە بۆ داگرتنی فایلی رێنووس

لە هەنگاوی دووەمدا، پێویستە فایلە دابەزێنراوەکە بۆ ناو پەنجەرەی گفتوگۆی ژیریی دەستکردەکە بار (Upload) بکرێت و دەقێکی تایبەت (Prompt) بنووسرێت کە تێیدا داوا لە سیستمەکە بکرێت فایلەکە بەوردی بخوێنێتەوە، رێساکان لای خۆی پاشەکەوت بکات و وەک پوختەیەک بنووسێتەوە بۆ ئەوەی دڵنیایی لە تێگەیشتنی دروست بکرێتەوە.

وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە کە پێویستە بەکارهێنەر داوا بکات لەمەودوا سیستمەکە لە هەر کارێکی وەرگێڕان، چاککردنی دەق یان داڕشتن، 100 لە 100 پابەندی ئەو رێنووسە بێت. ئاماژە بەوەش دراوە کە چونکە ژیریی دەستکرد پێشتر لەسەر بنەمای رێنووسە جیاوازەکانی سەر ئینتەرنێت راهێنراوە، رەنگە لە سەرەتادا هەندێک خاڵ فێر نەبێت، بەڵام بە چەند جارێک دووبارەکردنەوەی فرمانەکان، بەرە بەرە فێری رێنووسی ستاندارد دەبێت.

ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن لیژنەی رێنووس و خاڵبەندیی وەزارەتی پەروەردە ئامادەکراوە و لەلایەن ئەکادیمیای کوردییەوە پەسەند کراوە، ئامانج لێی پاراستنی رەسەنایەتی و یەکگرتوویی زمانی کوردییە لە جیهانی دیجیتاڵیدا.