لە کابینەی نۆیەمدا؛ رێگاوبانەکانی سۆران و حاجی ئۆمەران گۆڕانکاری بنەڕەتییان تێداکراوە

پڕۆژەکانی رێگاوبان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، ئاسانکارییەکی زۆریان بۆ شوفێران و جووتیارانی ناوچەکە دروستکردووە. 

یەحیا، شوفێرێکی نێودەوڵەتییە و ماوەی 20 ساڵە لەسەر رێگای نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران کاردەکات، بۆ کوردستان24 باس لە گۆڕانکارییەکانی رێگای نێوان هەولێر و سۆران دەکات و دەڵێت: "پێشتر رێگاکان زۆر خراپ بوون، پڕ بوون لە چاڵ و چۆڵی و تاسە، کە ماندووبوونێکی زۆری بۆ ئێمە دروست دەکرد، بەڵام ئێستا رێگاکان زۆر باش بوون و ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ کراوە."

ئەو شوفێرە نێودەوڵەتییە هیوای خواست ئەو بەشانەی دیکەی رێگاکەش کە کارکردنی تێدا ماوە، بە زووترین کات تەواو بکرێن بۆ ئەوەی هاتوچۆی بارهەڵگرەکان لە دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ ناو شارەکان ئاسانتر بێت.

لە لایەکی دیکەوە، جووتیارانی ناوچەکەش سوودمەندی سەرەکین لە چاککردنی رێگاوبانەکان. یەکێک لە جووتیارانی دەڤەری سۆران دەستخۆشی لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت "پێشتر بەهۆی خراپی رێگاوبانەکان، گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانمان زۆر زەحمەت بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی دووسایدکردنی رێگاکان و دروستکردنی پرد و تونێلەکان، بەرهەمەکانمان بە زووترین کات و بە کەمترین تێچوو دەگەیەنینە بازاڕەکان."

پڕۆژەکانی رێگاوبان تەنیا لە قیرتاوکردن کورت نەبوونەتەوە، بەڵکو گرنگییەکی زۆر بە کوالێتی و سەلامەتی رێگاکان دراوە، یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، پڕۆژەی کەربەندی خەلیفانە کە یەکێک بوو لەو شوێنانەی زۆرترین جەنجاڵی و رووداوی هاتوچۆی لێ دەکەوتەوە، بەڵام ئێستا بڕیاری دووسایدکردنی بۆ دەرچووە و بەم نێزیکانە کارکردن تێیدا دەستپێدەکات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا، تەواوی هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی ژێرخانی رێگاوبانەکانی هەرێم لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان بگونجێنێت، ئەمەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەرتی بازرگانی، کشتوکاڵ و گەشتوگوزار لە ناوچەکەدا دروستکردووە.