رۆیتەرز وردەکاریی نوێ لە بارەی تەندروستی موجتەبا خامنەیی بڵاودەکاتەوە
رۆیتەرز بڵاویکردەوە، تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بەرەو باشبوون دەچێت و بەڵام، هێشتا وەک پێویست چاک نەبووەتەوە بۆ ئەوەی لە شوێنە گشتییەکان دەربکەوێت.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئێران بڵاویکردەوە، هەرچەندە تەندروستیی موجتەبا خامنەیی، رێبەری ئێران بەرەو باشبوون دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا وەک پێویست چاک نەبووەتەوە بۆ ئەوەی لە شوێنە گشتییەکان دەربکەوێت و قسە بۆ خەڵک بکات.
تەندروستیی موجتەبا خامنەیی یاخود مان و نەمانی لە ژیاندا بووەتە جێگەی مشتومڕی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتەدا، لە دوای دەستنیشانکردنی لە مانگی سێ وەک جێگرەوەی عەلی خامنەیی باوکی، تاکوو ئێستا موجتەبا لە راگەیاندنەکانیش دەرنەکەوتووە، تەنانەت وێنە و پەیامی دەنگیشی بڵاو نەکراوەتەوە.
ئەوەی هەبووە، تەنیا راگەیاندراوی نووسراو بووە لەبارەی دۆخی جەنگە و پەیامی سیاسی بووە.
تەنانەت لە کاتی نوێژی مردوو و بەڕێکردنی تەرمی باوکیشی بە هیچ شێوەیەک موجتەبا دەرنەکەوت.
موجتەبا خامنەریی لە دوای کوژرانی باوکی لە هێرشەکانی رۆژی یەکەمی جەنگەکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل، بە سەختی بریندار بوو، بۆ ماوەیەکیش ئیسرائیل و ئەمریکییەکان بڕوایان وابوو، موجتەباش هاوشێوەی باوکی کوژراوە و لە ژیاندا نەماوە.
بە پێچەوانەوە، ئێرانییەکان هەواڵەکەیان رەت کردەوە و دووپاتیان کردەوە، رێبەری نوێیان لە هێرشەکاندا دەربازی بووە و هێشتا لە ژیاندا ماوە.