پڕۆژەی دووسایدی گۆپاڵ ئاسانكاری بۆ شۆفێران كردووە

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە تەواوکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی رێگاوبان، بەتایبەت رێگای سەرەکی هەولێر – دهۆک کە گرنگییەکی زۆری بۆ جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری هەیە و کاتی گەشتکردنی نێوان هەردوو شارەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.

رێگای سەرەکیی نێوان هەولێر و دهۆک، کە ساڵانێکی زۆر بەهۆی قەرەباڵخی و هاتووچۆی زۆری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانەوە ببووە سەرئێشە بۆ شۆفێران، ئێستا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەخۆوە بینیوە. پێشتر گەشتکردن لە نێوان ئەو دوو شارە نزیکەی 4 بۆ 5 کاتژمێری دەخایاند، بەڵام ئێستا بەهۆی دروستکردنی رێگای نوێوە، شۆفێران دەتوانن لە ماوەی یەک کاتژمێر و 20 خولەکدا ئەو مەودایە ببڕن.
پڕۆژەی رێگای گۆپال کە بەشێکی سەرەکی ئەم رێگایەیە، بە ستانداردێکی نێودەوڵەتیی جێبەجێ کراوە و درێژییەکەی 35 کیلۆمەترە. ئەم رێگایە بە هەموو پێداویستییە ئەمنییەکان و کامێرای چاودێری و هێماکانی هاتووچۆ تەیار کراوە، کە ئەمەش ئاستی سەلامەتی بۆ هاووڵاتییان و گەشتیاران زۆرتر کردووە.
لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدکردنی رێگای "ئەتێت بۆ باعەدرێ" بەردەوامی هەیە. بە تەواوبوونی ئەم بەشە، تەواوی رێگای نێوان هەولێر و دهۆک دەبێتە دووساید و ئۆتۆبان، ئەمەش تەنیا کاریگەری لەسەر خێرایی هاتوچۆ نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی شۆفێران و کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ.

شۆفێران و هاووڵاتییان دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانە و ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەم رێگا نوێیانە کارئاسانییەکی زۆری بۆ ژیانی رۆژانەیان کردووە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی کارەکانیانەوە رۆژانە لە نێوان ئەو دوو شارەدا هاتووچۆ دەکەن.

تەواوبوونی ئەم پڕۆژانە بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و رێگاوبانەکان، کە ئامانج لێی خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و گەشەپێدانی کەرتی بازرگانییە لە هەرێمی کوردستان.