سی ئێن ئێن: واشنتن نایەوێت ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرش بکاتەوە سەر ئێران
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری دوو سەرچاوەی ئیسرائیلییەوە بڵاویکردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نایەوێت ئیسرائیل بچێتە ناو خولێکی نوێی جەنگ لەگەڵ ئێران، ئەمەش بەهۆی ترسی واشنتن لە لەدەستدانی کۆنترۆڵی جەنگەکە و هێشتنەوەی دەرفەت بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان.
هەینی 10ـی تەمووزی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، یەکێک لە سەرچاوەکان ئاشکرای کردووە کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئارەزووی هەیە وڵاتەکەی بەشداری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکادا بکات، بەڵام واشنتن لە ئێستادا دژی هەر بەشدارییەکی ئیسرائیلە لە ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکاندا، تا ئێستاش کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم هەواڵە نەداوە.
لە بەرامبەردا، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، سوپای ئیسرائیل ئامادەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی ئێران دەستپێبکاتەوە ئەگەر بارودۆخەکە پێویست بکات.
سەرچاوەیەکی دیکەی کەناڵەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئیسرائیل وا دەبینێت ترەمپ نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ جەنگێکی گشتگیر، بەڵکو تەنها وەک رێکارێکی توند، رەزامەندی دەردەبڕێت لەسەر سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا.
بەپێی شیکارییەکانی (CNN)، واشنتن بە چەند هۆکارێکی ستراتیژی و سیاسی رەتی دەکاتەوە ئیسرائیل تێوەگلانی جەنگەکە بێت؛ گرنگترینیان پاراستنی رێڕەوی دیپلۆماسی و رێگری لە پەرەسەندنی ململانێکانە بۆ جەنگێکی هەرێمی کە کۆنترۆڵ نەکرێت. ئیدارەی ترەمپ لە پشت پەردەوە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕ کردووەتەوە بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و واژۆکردنی رێککەوتنێکی نوێی ئاشتی.
ستراتیژی ئێستای واشنتن لەسەر بنەمای وەشاندنی گورزی سەربازیی سنووردار و لێکدراوە، پاشان وەستان بۆ ماوەیەکی کاتی تاوەکو دەرفەت بۆ نێوەندگیری بڕەخسێت، واشنتن پێیوایە هاتنی ئیسرائیل بۆ ناو بەرەی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ، هەموو ئەو هەوڵە دیپلۆماسیانە تێکدەدات و شانسەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی بەردەوام ئاڵۆزتر دەکات.