رووسیا گەڕانەوەی پسپۆڕەکانی بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر راگەیاند

کۆمپانیای "رووساتۆم"ـی رووسی رایگەیاند: یەکەم گرووپی پسپۆرانیان گەڕاونەتەوە بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران. ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە وڵاتەکەیان جێهێشتبوو.

هەینی، 10ـی تەممووزی 2026، کۆمپانیای "رووساتۆم"ـی رووسی، لە راگەیەنراوێکدا، گەڕانەوەی یەکەم گرووپی پسپۆڕانی وڵاتەکەی، کە پێکهاتوون لە 6 کارمەند، بۆ وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران راگەیاند.

هاوکات ئاژانسی هەواڵیی "ئینتەرفاکس" لە زاری رافاییل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بڵاوی کردەوە: "ئێمە چاودێریی دۆخی وێستگەی وزەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین دانبەخۆیاندا بگرن."

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی ئێران (ئیرنا) بڵاوی کردبووەوە، مووشەکێک بەر بارەگایەکی سەربازی لە دەوروبەری شاری بوشەهر کەوتووە، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا و لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، کۆمپانیای رووساتۆم کە سەرپەرشتیی دروستکردنی دوو یەکەی نوێ لە وێستگەی بوشەهر دەکرد، سەدان کارمەندی خۆی لە وێستگەکە کشاندەوە.

وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر، کە یەکەمین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە بە وزەی ئەتۆمی لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دەکەوێتە دووریی 17 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری بوشەهر، لەسەر کەناری کەنداوی عەرەبی. رووبەری وێستگەکە نزیکەی 2.5 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە و باڵەخانەی کورەی ئەتۆمی و پێکهاتە پاڵپشتەکانی دیکە لەخۆدەگرێت.