ئێران: هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانەکانمان وەڵامی هاوشێوەی دەبێت

دوای هەرەسهێنانی ئاگربەست و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوانیان، پێکدادانە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە چڕی دەستیان پێکردەوە. تاران هۆشداری دەدات، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانەکانی وڵاتەکەی، بە وەڵامێکی توند بۆ سەر ئیسرائیل کۆتایی دێت.

هەینی 10ی تەممووزی 2026، محەمەد باقری زولقەدر، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، "هەر هێرشێک بکرێتە سەر ژێرخانەکانمان، وەڵامدانەوەی هاوشێوەی دەبێت. ئیسرائیل کە بەرپرسیارە لەم کارەساتانە، لە وەڵامی ئێمە لە پارێزراو نابێت."

سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دووپاتیشی کردەوە، وەک پێشتریش رامانگەیندووە، هەر هێرشێک بۆ سەر ژێرخانەکانمان بکرێت، بە هەمان شێوە وەڵام دەدرێتەوە."

ئێران لە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا، واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە تەنیا پێگە سەربازییەکانی نەکردووەتە ئامانج، بەڵکو ژێرخانە مەدەنییەکانیشی بۆردومان کردووە بە مەبەستی تێکدانی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆچکردووی ئێران.

بەپێی میدیا ئێرانییەکان، پرد و هێڵەکانی شەمەندەفەری نێوان تاران و مەشهەد کە شوێنی بەخاکسپاردنی خامنەیی بوو کراونەتە ئامانج و تا ئێستا کوژرانی 17 کەس لەو هێرشانەدا پشتڕاستکراوەتەوە.

ئاماژەیان بەوە کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە هاوبەشی هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی سەربازی لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر. هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، تاوتوێی دوایین جموجۆڵە سەربازییەکانیان لە ناوچەی کەنداو کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەڵمەتە سەربازییەکانی دژی ئێران و بەڵێنی دا کە ئەمجارە بە هێزێکی زۆر گەورەترەوە وەڵامی تاران بدەنەوە. ئەم دۆخە ناوچەکەی خستووەتە بەردەم ئەگەری شەڕێکی سەرتاسەری و هەموو هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە گەیشتوونەتە بنبەست.

هەروەها هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، ئێران داوای بەردەوامی گفتوگۆکانی کردووە، ئێمەش رازیبووینە، بەڵام بە راشکاوانە بە ئەوانمان گوت، ئاگربەست کۆتایی هاتووە.