واشنتن هۆشداریی کۆتایی دەداتە تاران

ترەمپ کەشتییە جەنگییەکانی بەرەو ئێران دەجووڵێنێت

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند و کۆتایی ئاراستەی تاران کرد، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ناردنی هێزێکی دەریایی گەورە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بەرەو کەناراوەکانی ئێران.

بەرپرسانی ئەمریکا هۆشدارییان دا، دەبێت ئێران لەم کۆتایی هەفتەیەدا بە شێوەیەکی ئاشکرا رایبگەیەنێت، گەرووی هورمز پارێزراو و کراوەیە، ئەگەرنا ترەمپ دەست دەکات بە بەکارهێنانی هەموو بژاردەکانی.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، بەرپرسانی ئێران لە وڵاتی عومان بن و نێوەندگیرەکان هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدەن. ئەمریکا چاوەڕوان دەکات ئێران دوای ئەو کۆبوونەوەیە بەیاننامەیەک لەبارەی گەرەنتی تێپەڕبوونی سەلامەت بە گەرووەکەدا بڵاوبکاتەوە.

بەرپرسێکی ئەمریکی لەمبارەیەوە گوتی: "ئەوەی ئێمە داوای دەکەین ئەوەیە ئێرانییەکان بەیاننامەیەکی گشتی بڵاوبکەنەوە و تێیدا ددان بەوەدا بنێن، هەموو کەناڵەکانی گەرووی هورمز کراوەن و چیتر تەقە لە کەشتییەکان ناکەن. یان ئەو بەیاننامەیەمان دەدەنێ، یان ئەنجامێکی باشمان نابێت."

ترەمپ پێشتر رایگەیاندبوو، ئاگربەست "رێککەوتن کۆتایی هاتووە و  رێگەی بە هەڵمەتێکی ئاسمانی دوو رۆژە دا تێیدا نزیکەی 170 ئامانجی ئێرانی لەم هەفتەیەدا پێکران". بەرپرسانی ئەمریکا ناوی ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ناوە "Operation Bitch Slap" بۆ ئەوەی نیشانی بدەن، هێرشەکە بەئازار دەبێت بەڵام کورتخایەن دەبێت، مەگەر تاران ئاڵۆزییەکان زیاتر بکات. هەروەها ترەمپ هۆشداری داوە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هێرشکردن، بە رێژەی 20 بەرامبەر 1وەڵامی تاران دەداتەوە.

وەک بەشێک لە فشاری سەر ئێران، ترەمپ کۆمەڵێک کەشتیی جەنگی ناردووە کە دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری تێدایە. چاودێرانی دەریایی رۆژی هەینی کەشتییەکانی (USS Abraham Lincoln) و (USS George H.W. Bush)یان لە دەریای عوماندا بینیوە. شارەزایان دەڵێن ئەم هەنگاوە پێویستە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی کە ئابووریی ئێرانی پەکخستووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، زیاتر لە 20 کەشتیی جەنگی ئەمریکا لە ئاوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوریە دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایش، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێک لەسەر وردەکاریی گەمارۆدانەکە بدات.

دوای مانگێک لە واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەلایەن ترەمپەوە کە بڕیار بوو ئاگربەست بۆ 60 رۆژ درێژ بکاتەوە و گەمارۆکان هەڵبگرێت، بەڵام رۆژی چوارشەممە ترەمپ رایگەیاند رێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر سێ کەشتی بازرگانی لە گەرووی هورمز. بەهۆی ئەم هێرشانەی ئێران بۆ سەر کەشتییەکانی قەتەر و سعوودیە، هاتوچۆی بازرگانی لە گەرووەکەدا بەتەواوی سست بووە.

بەرپرسانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئێران لە بەڵێنەکانی پاشەکشەی کردووە و نمرەی "F"یان داوە بە پابەندبوونی ئێران بە رێککەوتنەکە.

بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکی هۆشداری دا، ئارامی ترەمپ بەرامبەر تاران خەریکە نامێنێت، بەتایبەت کە ترەمپ خۆی ئامانجی ژمارە یەکی لیستی تیرۆرکردنی ئێرانە. بەرپرسەکە گوتی: "سەرۆک ترەمپ مەودایەکی پێداوین بزانین دەتوانین بگەینە ئەنجام، بەڵام نە مەودایەکی زۆر و نە کاتێکی زۆرمان لەبەردەستدایە."