هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا کارمەندەکانی دەردەکات

بیل بۆڵت بەرێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بە وەکالەت
بیل بۆڵت بەرێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بە وەکالەت

بیل بۆڵت بەرێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بە وەکالەت رایگەیاند، بۆ جاری سێیەم  لە پێناو دارشتنەوەی هەیکەلیەتی دەزگاکە، دەستمان بە دەرکردنی کارمەندەکان کردەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، بیل بۆڵت لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی "دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا بە شێوەیەکی کاراتر و کاریگەرتر لە جاران کاردەکات، ئەمڕۆش بۆ جاری سێیەم دەستمان بە کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی زیادە یان ئەو کارمەندانەی کارەکانیان گرنگ نییە، کرد، هەروەها فەرمانگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی داهاتوویەکی زۆر ئومێدبەخشی هەیە و گرنگی بە پابەندبوون بە یاسا و دەقە یاساییەکان دەدات ."

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردەوە، "بیل بۆڵت بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی بە وەکالەت دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی پلانێکی فراوان بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی دەزگاکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هەیکەلیەتی دامەزراوەی هەواڵگرییە".

ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکایە بۆ رێکخستنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە مشتومڕێکی بەردەوام لەسەر رۆڵ و کاریگەریی دەزگا فیدراڵیەکان لە ئەمریکادا هەیە .

ترەمپ پێشتر بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاندبوو، بیل بۆڵتی راسپاردووە دەست بە پرۆسەی بچووککردنەوەی قەبارەی دەزگاکە بکات، بەو پێیەی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی کارمەندەکانی زۆر لە پێویستیی خۆی زیاتر بووە.