کیم جۆنگ ئون: گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن تاوانێکی سیاسییە دژی گەل

کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور، هێرشی کردە سەر بەرپرسێکی باڵای سەربازی وڵاتەکەی کە بەهۆی گەندەڵی و وەرگرتنی بەرتیلەوە لە کارەکەی دوورخرابووەوە، کارەکانی ئەو بەرپرسەشی بە تاوانێکی سیاسی ناوبرد.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی فەرمی کۆریای باکوور، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار و سوپا لە پیۆنگ یانگ، کیم جۆنگ ئون وردەکاریی گەندەڵییەکانی پاک هی تشۆلی خستەڕوو، کە پێشتر جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سیاسی گشتی بووە لە سوپای گەلدا.

ئاژانسەکە ئاشکرای کردووە، ئەم بەرپرسە سەربازییە "بڕێکی زۆر بەرتیلی وەرگرتووە و ژیانێکی رابواردن و بێسەروبەری" هەبووە. بەهۆی ئەم کارانەوە، پارتی دەسەڵاتدار بڕیاری داوە لە هەموو پۆستە سەرکردایەتییەکان دووری بخاتەوە و رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بکات بۆ سزادان.

رێبەری کۆریای باکوور لەبارەی ئەم کەیسەوە رایگەیاند: "ئەمە تاوانێکی سیاسییە دژی بنەماکانی حزب بۆ چەسپاندنی دیسپلین. ئەمە کارێکی ئەنقەستی دزین و تاڵانکردنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و گەلە."

لە سیستەمێکی داخراو و توندی وەک کۆریای باکووردا، زۆر کەم روودەدات رەخنەی توند بە شێوەیەکی ئاشکرا لە بەرپرسە باڵاکان بگیرێت، بەتایبەت کاتێک رەخنەکان راستەوخۆ لەلایەن رێبەری باڵای وڵاتەوە ئاراستە دەکرێن، ئەمەش نیشانەی توندکردنەوەی چاودێرییە بەسەر دامەزراوە سەربازییەکاندا.