هێزەکانی یەمەن هێرشێکی حووسییەکانی پوچەڵ کردەوە
هێزەکانی عیملاقەی باشوور کە سەر بە حکوومەتی یەمەنن رایانگەیاند، لە بەرەی کەبوبی نزیک لە گەرووی بابولمەندەب، پێنج ئۆتۆمبێلی سەربازیی حووسییەکانیان تێکشکاندووە و سەرجەم چەکدارانی ناو ئۆتۆمبێلەکان کوژراون.
سەرچاوە مەیدانییەکان ئاشکرایانکرد، هێرشەکان ئۆتۆمبێلێکی سەرکردەیەکی مەیدانیی حووسییەکان و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی هەڵگری چەکی دژەفڕۆکەی 23 ملمی، هەروەها سێ ئۆتۆمبێلی دیکەی پڕ لە چەکدار و هێزی پشتیوانییان کردووەتە ئامانج کە بەرەو ناوچەکە بەڕێوەبوون.
بەرەی کەبوب کە دەڕوانێتە گەرووی بابولمەندەب، لەم چەند رۆژەی دواییدا شاهیدی پێکدادانی توند بووە. ئەم دۆخە هاوکاتە لەگەڵ جموجووڵی حووسییەکان بۆ هێنانی هێزی پشتیوانی بە مەبەستی پێشڕەوی و کۆنترۆڵکردنەوەی بەرزاییە ستراتیژییەکان.
لە بەرامبەردا، هێزە حکوومییەکان هێرشە ئاسمانی و تۆپخانەییەکانیان چڕتر کردووەتەوە و فڕۆکەی جەنگی، مووشەکی ئاراستەکراو و درۆنیان بۆ تێکشکاندنی پێگەکانی حووسییەکان بەکارهێناوە.
مەحوەری کەبوب بەهۆی پێگەی بەرز و چاودێریکردنی دەروازەکانی دەوروبەری گەرووی بابولمەندەب، خاوەن گرنگییەکی گەورەی سەربازییە. سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، هێزە حکوومییەکان هەوڵی جێگیرکردنی پێگەکانیان دەدەن لە بەرزاییەکانی کەبوب، بۆ ئەوەی رێگەیان بۆ خۆشبێت بەرەو ناوچەی زوباب جووڵە بکەن.
ناوچەکە و دوورگە نزیکەکانی بابولمەندەب، وەک میون، زەقر و حەنیش، رۆڵێکی هەستیار لە کۆنترۆڵکردنی رێڕەوی ئاویی نێودەوڵەتیدا دەگێڕن.
لە لایەکی دیکەوە، سوڵتان عەرادە، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سەرۆکایەتیی یەمەن و پارێزگاری مەئریب، یەکشەممە جەختیکردەوە، بەرە سەربازییەکانی پارێزگاکەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی حووسییەکان لە دۆخێکی بەهێزدان.
عەرادە لە میانەی گفتوگۆیەکی ڤیدیۆیی لەگەڵ عەبدە شاریف، باڵیۆزی بەریتانیا لە یەمەن، هۆشداریی دا لە لێکەوتەکانی گۆڕانکارییە سەربازییەکانی نزیک گەرووی بابولمەندەب.
پارێزگاری مەئریب دووپاتیکردەوە، دەستێوەردانی ئێران و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی هێڵەکانی بازرگانیی جیهانی، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی و ناوچەیی و سەرچاوەی هەڕەشەکان پێویستی بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە.
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەرامبەردا خواستی وڵاتەکەی بۆ چاودێریکردنی وردی دۆخی ئەمنی و سەربازیی یەمەن دەربڕی و جەختیکردەوە، لەندەن لە هەوڵەکانی لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیییەکان بۆ پشتگیریکردنی سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بەردەوام دەبێت.