لە هێرشێکی ئاسمانی پاکستان بۆ سەر ئەفغانستان 3 کەس گیانیان لەدەستدا

ئەمڕۆ دووشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی فڕۆکەکانی پاکستان بۆ سەر پارێزگای کۆنەر لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، 3 کەس کوژران، کە دووانیان ژنن و 4 کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوە حکوومی و هۆزییەکان رایانگەیاند، هێرشەکان کاتژمێر 3:00ـی بەرەبەیان روویانداوە و خانوویەکیان لە ناوچەی باتان سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی نوورگل لە پارێزگای کۆنەر کردووەتە ئامانج، بەو هۆیەوە خانووەکە بەتەواوی خاپوور بووە.

هاوکات راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان هێرشیان کردووەتە سەر بەڕێوەبەرایەتیی بەرمل لە پارێزگای بەکتیکای باشوور، کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات. هێرشەکان زیانیان بە چەندین خانوو و دوکانی بازرگانی گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی قوربانییانی ئەو ناوچەیە بڵاو نەبووەتەوە.

گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات روو لە زیادبوونە. ئیسلامئاباد بەرپرسانی کابوڵ تۆمەتبار دەکات بە داڵدەدانی ئەندامانی بزووتنەوەی تاڵیبانی پاکستان و رێگەپێدان بە هێرشکردن لەنێو خاکی پاکستان. لە بەرامبەردا تاڵیبان تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە و هێرشە ئاسمانییەکانی پاکستان بە پێشێلکاریی سەروەریی ئەفغانستان ناو دەبات.

سێشەممەی رابردوو، سوپای پاکستان رایگەیاند، لە ئاکامی پەرەسەندنی توندوتیژییەکان لە هەرێمێکی باکووری رۆژئاوای وڵاتەکە لەسەر سنووری ئەفغانستان، 6 سەرباز کوژراون.

تا ئەم ساتە دەسەڵاتدارانی پاکستان هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەبارەی هێرشەکان و ئامانجەکانیان نەداوە، لەکاتێکدا ئاماری قوربانییان و زیانەکان لە پەرەسەندن و نوێبوونەوەدایە.