سوپای پاسداران لە گەرووی هورمز درۆنێکی ئەمریکی خستەخوارەوە
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان درۆنێکی ئەمریکیی جۆری MQ-1ـی لە ئاسمانی گەرووی هورمز خستووەتە خوارەوە.
سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران، درۆنێکی دیکەی جۆری MQ-1ـی سوپای ئەمریکای لە ئاسمانی گەرووی هورمز بە ئامانج گرت و تێکیان شکاند.
لە لایەکی دیکەوە، سوپای ئێران رایگەیاند، ئێوارەی یەکشەممە، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییان درۆنێکی پێشکەوتووی جۆری ئۆربیتر-یان خستووەتە خوارەوە، کە ئەرکی سیخوڕی و کۆکردنەوەی زانیاریی لە ئاسمانی گەرووی هورمز پێ سپێردرابوو.
پێنجشەممەی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، درۆنێکی ئەمریکیی جۆری MQ-9ـیان لە ئاسمانی دوورگەی قشم بە ئامانج گرتووە و تێکیان شکاندووە.
پێشتر ترەمپ جەختیکردەوە، ئەگەری روودانی رووداوێکی گەورە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرامبەر ئێران هەیە. ئەو سەرۆکە روونیکردەوە، بژاردەکانی سەر مێزی گفتوگۆ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران بریتین لە لەناوبردنی تەواوەتی ئەو وڵاتە، یان گەمارۆدانی ئابووریی توند، یان گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ.
دوێنێ یەکشەممە، باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە بەیروت، کوەیت، بەحرێن، بەغدا، مەسقەت و عەمان هۆشداریی ئەمنییان بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان دەرکرد و داوایان لێ کردن بە وریاییەوە بجووڵێنەوە.