کارەکانی چاککردنەوەی بۆری ئیفراز سێ گەیشتە قۆناخی کۆتایی
تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر بەردەوامن لە کارکردن بۆ چاککردنەوەی شکانی بۆریی ئاوی ئیفراز سێ، و بەگوێرەی دوایین زانیارییەکانیش، پرۆسەکە زۆر خێراتر لەو کاتەی بۆی دیاریکرابوو بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەممووز، ئەحمەد سەمەد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند؛ هەرچەندە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر رایگەیاندبوو، چاککردنەوەی بۆرییەکە 24 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام لە کەمتر لە 12 کاتژمێردا تیمەکان توانیویانە بگەنە قۆناخی کۆتایی ئەویش بەستنەوەی بۆڕییە نوێیەکەیە لە شوێنی بەشە شکاوەکە.
ئێستا پرۆسەی بەستنەوەی رێڕەوی بۆڕییەکان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و بڕیارە قۆناخی تێستکردن دەستپێبکات. لەم قۆناخەدا لە رێگەی ماتۆڕەکانەوە پاڵەپەستۆی ئاو دەخرێتە سەر بۆڕییەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە کارکردنی، دواتریش شوێنەکە دادەپۆشرێت.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی کەمتر لە 12 کاتژمێری داهاتوودا، ئاو بگاتەوە نێو خەزانەکانی سەنتەری شاری هەولێر. هێڵی ئیفراز سێ سەرچاوەیەکی سەرەکییە بۆ دابینکردنی ئاوی رۆژانەی ماڵان لە سەنتەری شار و لەگەڵ پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاو، رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە رێگریگرتن لە دروستبوونی تەنگژەی کەمئاوی لە پایتەخت.