بەرپرسێکی هاوپەیمانیی عەزم: پۆستەکانمان پارێزراون و رەنگە سامەرائی ئازاد بکرێت
هاوپەیمانیی عەزم چاوەڕوانی رێکارەکانی دادگایە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی سەرۆکەکەی و لە هەمان کاتدا پشکەکانی خۆی لە حکوومەتدا وەردەگرێتەوە.
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانیی عەزم بە کوردستان24ـی راگەیاند، چاوەڕوانی رێکارەکانی دادگا دەکەن لەبارەی چارەنووسی موسەننا سامەرائیی سەرۆکی هاوپەیمانییەکەیان و تا ئێستاش هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە نەکراوە.
لەم کاتەدا مەحموود قەیس، سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی عەزم لە پەرلەمانی عێراق هاوپەیمانییەکە بەڕێوە دەبات و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات.
سەرچاوەکە جەختی لەوە کردەوە، هاوپەیمانیی عەزم پشکی خۆی لە حکوومەت وەردەگرێت و هەر دوو وەزارەتی پلاندانان و رۆشنبیری بۆ هاوپەیمانییەکە دەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی بە هاوپەیمانیی عەزمی راگەیاندووە پۆستەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە و بۆ هیچ لایەنێکی دیکە ناڕۆن.
بەگوتەی سەرچاوەکە، دوای تەواوبوونی رێکارەکانی دادگا، رەنگە موسەننا سامەرائی ئازاد بکرێت.
موسەننا سامەرائی، سیاسەتمەدار و سەرمایەداری عێراقییە و سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزمە لە پەرلەمانی عێراق. رۆژی 28ـی حوزەیرانی ساڵی 2026، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدا بە ناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان"، سامەرائییان لە نێو ماڵەکەی خۆیدا لە ناوچەی سەوزی بەغدا دەستگیر کرد.
ئەم هەڵمەتە بە فەرمانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیەندرا. لەم ئۆپەراسیۆنەدا چەندین بەرپرس، پەرلەمانتار و سەرمایەداری دیکەش بە تۆمەتی تێوەگلان لە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی دەستگیر کران.
دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات دانپێدانانەکانی ژمارەیەک بەرپرسی پێشووی حکوومەت بڵاوکرانەوە، بەتایبەتی عەدنان جومەیلی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت، ناوی چەندین کەسایەتی سیاسیی هێنابوو لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا.
دوای رووداوەکە، هاوپەیمانیی عەزم لە راگەیەنراوێکی فەرمیدا متمانەی خۆی بە دادگای عێراق دەربڕی و داوای کرد بابەتی دەستگیرکردنی سەرۆکەکەیان بە سیاسی نەکرێت و پرۆسەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەڕێوە بچێت.