قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستیپێکرد
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر سەدا سەد تەواوبوو و ئەمرۆ قۆناخی دووەمی ئەو پڕۆژەیە دەستیپێکرد، لەمەودواش جگە لە زەیتوون و فستق دارێکی دیکەی نوێش لەو پڕۆژەیە دەچێندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی تەممووزی 2026، کاروان مێسکی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە دەستی پێکرد و کارکردنی قۆناخی دووەمیش کەمیک لە قۆناخی یەکەم قورستر دەبێت، هەروەها ئاشکراشی کرد لە قۆناخی یەکەم حەوت هەزار داری پرتەقال لە پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر چێندراون.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، لە قۆناخی یەکەمدا، 15 هەزار و 200 دۆنم زەوی بە داری زەیتوون و پرتەقال چێندراون و کارەکانی ئەو قۆناخەش بە رێژەی 100% تەواوبووە و تێکڕای کارەکان بە ماوەی 10 مانگ تەواوکراون، هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان 700 هەزار داری زەیتوون و حەوت هەزاری داری پرتەقال لە قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە چێندراون.
سەبارەت بە قۆناخی دووەمی پڕۆژەکە، کاروان مێسکی گووتی، ئەمڕۆ یەکەم رۆژی کارکردنمان بوو لە قۆناخی دوومی پڕۆژەکە، ئەم قۆناخە دەکەوێتە سەر رێگای دهۆک - مووسڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەکە راشیگەیاند، سەرەتای کارەکانمان بە پاککردنەوەی زەوییەکان و دانانی پەرژین دەستپێکردووە، دوای تەوابوونی ئەم کارانە دەست بە دانانی سیستمی ئاودان و چاندنی دارەکان دەکرێت، قۆناخی دووەم 11 هەزار دۆنم زەوی لەخۆدەگرێت و چاوەڕووان دەکرێت سەرووی 500 هەزار داری زەیتوونی تیادا بچێندرێت، ئەو بەرپرسەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی گووتی، ئەم قۆناخە کاری سەختی تێدایە و رەنگە یەک ساڵ کاتمان بووێت تاوەکو 100% کۆتایی بە کارەکان بهێنین.