خامنەیی: ناوی هەموو ئەوانەمان لایە کە لە پشت هێرشەکانەوە بوون

رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە یەکەمین پەیامیدا دوای بەخاکسپاردنی باوکی، بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەیەکی توند لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەدات.

موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا بەبۆنەی کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکە، جەختی لەسەر تۆڵەکردنەوە کردەوە.

خامنەیی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، تۆڵەکردنەوە لەوانەی بەرپرسیارن لە کوشتنی رێبەری پێشوو و قوربانییەکانی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، خواستێکی نەتەوەییە و بێ هیچ دوودڵییەک جێبەجێ دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرۆسەیە بە کەسێکی دەستنیشانکراوەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو لایەنگرانی شۆڕشی ئیسلامی لە سەرانسەری جیهاندا جێبەجێی دەکەن.

رێبەری نوێی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا روونی کردەوە، لیستی ناوی هەموو ئەو کەسانەیان لایە لە پشت ئەو هێرشانەوە بوون و بەڵێنی دا هەرگیز بە مردنێکی ئارام نامرن. هاوکات پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی پابەند دەبێت بە درێژەدان بەو رێباز و سیاسەتانەی لە سەردەمی رێبەری پێشوودا کاریان پێ کراوە.

لە رۆژی 28ـی شوباتی ساڵی 2026 لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر چەند ئامانجێک لە تاران، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. 

ئەم رووداوە بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک، و ئەمریکا و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە.

 دوای چەند رۆژێک لەو رووداوە و لە نۆیەمی ئاداردا، ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی نائاساییدا موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەییان وەکو سێیەمین رێبەری کۆماری ئیسلامی دەستنیشان کرد.